ئەپیكۆر ئامادەیی خۆی پێشان دا بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كوردستان

:: AM:09:08:16/04/2024 ‌
كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان- ئەپیكۆر، راگەیەنراوێكی لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بڵاو كردەوە و رای گەیاند، سەرنج دەخەینە سەر دەستپێكردنەوەی بەپەلەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان.

ئەمڕۆ سێشەم 16ـی نیسان، لە راگەیەنراوێكی كۆمەڵەی ئەپیكۆردا هاتووە، قسەكانی جۆ بایدن سەرۆكی ئەمەریكا و محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بۆ دەستپێكردنەوەی خێرای هەناردەی نەوت لەڕێی بۆڕیی نەوتی عێراق-توركیا بەرز دەنرخێنین.

ئاماژە بەوەیش كراوە، ئامادەن دەستبەجێ دەست بە گفتوگۆكانیان بكەن لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەتی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان تایبەت بە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت.

باس لەوەش كراوە، داوای گرەنتی پێدانی شایستە داراییەكانی ئێستە و رابردووش دەكات بەپێی رێككەوتنە فەرمییەكانیان دەكەینەوە.

كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان - ئەپیكۆر كە لە هەشت كۆمپانیای بەرهەمهێنەری نەوت پێكدێت، ئامادەیی خۆی دەربڕیوە دەستبەجێ دەست بە دانوستاندن لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق بكاتەوە، بۆ ئەوەی هەناردەكردن لەڕێی بۆڕیی عێراق - توركیا دەست پێ بكاتەوە.


وشە - رامیار جەواد