سەرچاوەیەك: هێزە سیاسییەكانی كەركووك لە رێككەوتن نزیك بوونەتەوە

:: PM:05:15:16/04/2024 ‌

سەرچاوەیەكی ئاگەدار ئاماژە دەكات كە هێزە براوەكان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، گەیشتوونەتە رێككەوتنێكی سەرەتایی بۆ دیاریكردنی پارێزگار و پڕكردنەوەی پۆستەكانی تریش، ئەوان چاوەڕوانی گەڕانەوەی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكەن لە ئەمەریكا بۆ یەكلاكردنەوەی بابەتەكە.

سەرچاوەكە روونی كردەوە، هێزە براوەكانی ناو ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، گەیشتوونەتە رێككەوتنێكی سەرەتایی بۆ دیاریكردنی پارێزگار و دوای ئەوە دیاریكردنی سەرۆكی ئەنجوومەن و پڕكردنەوەی پۆستەكانی تریش، بۆیە دوای گەڕانەوەی لە ئەمەریكا، ئەوان كۆبوونەوەیەكی گرنگ لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق ساز دەكەن بۆ ئەو مەبەستە.

سەرچاوەكە دووپاتی كردەوە، لە كۆبوونەوەكە پێكهێنانی حكوومەتی ناوخۆیی كەركووك دێتە راگەیاندن لەسەر بنەمای بەڕێوەبردنی هاوبەش و فەرامۆشنەكردنی هیچ پێكهاتەیەك و بەشداریكردنی هەمووان لە حكوومەتی ناوخۆیی، بۆیە لێكنزیكبوونەوەی هێزە براوەكان دەبێتە هۆی خێرا یەكلابوونەوەی پۆستی پارێزگار و پۆستەكانی تریش.

لە سەرەتای ئەم مانگەدا حەسەن مەجید، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان رای گەیاند كە لەوەتەی دووەم كۆبوونەوەی هێزە سیاسییەكان لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیران، كۆبوونەوەكانی پێكهێنانی حكوومەتی ناوخۆی كەركووك و كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكەش وەستاون.

روونی كردەوە، پێ دەچێت دانیشتنی داهاتووی هێزە سیاسییەكان لەگەڵ سوودانی لە دوای گەڕانەوەی لە سەردانەكەی بۆ واشنتن بێت، كە لە  15ی ئەم مانگە هاتە سازكردن، واتە سێیەم كۆبوونەوە لەگەڵ سوودانی بۆ دوای سەردانەكە دوا دەكەوێت.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل