نووسەرێك: هاتنە سەر هێڵی ئەمەریكا و كۆشكی سپی بەرهەمی چالاكییەكانی مەسروور بارزانییە

:: PM:08:45:16/04/2024 ‌

لە میانی سەردانەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ ئەمەریكا، بە روونی باسی چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر و بەغدا كرا، شارەزایان دووپاتی دەكەنەوە كە ئەو هەڵوێستەی ئەمەریكا بەرهەمێكی سەردانە فەرمییەكەی مەسروور بارزانی،‌ سەرۆك وەزیرانی‌ هەرێمی كوردستان بوو، كە كۆتای مانگی‌ شوباتی رابردوو بۆ ئەمەریكا ئەنجامی‌ دا.

حامید گەوهەری، نووسەر و توێژەر لەمبارەیەوە بە "وشە" دەڵێت، بێگومان مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو جووڵە و چالاكییەكانی كاریگەر و مێژوویی و گەورە و پڕدەستكەوتن، بۆیە دەست بداتە هەر كارێكی سیاسی، بێگومان تیایدا سەركەوتوو دەبێت و لە بەرژەوەندی هاووڵاتییاندا دەبێت.

روونی كردەوە، هاتنە سەر هێڵی ئەمەریكا و كۆشكی سپی، بەرهەمی چالاكییەكانی مەسروور بارزانییە، كە دوای ئەو سەردانەی لە كۆتای مانگی شوباتی ئەمساڵ ئەنجامی دا، هەموو هاوكێشەكان لە بەرژەوەندیی كورد شكانەوە و جارێكی تر كورد بەهێز بووە و بەغداش ناچار كرا كە لەگەڵ هەولێر نەرمی بنوێنێت.

"مەسروور بارزانی و كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێم كەسانی لێهاتوو و ئیداری لەخۆ گرتووە و وەك نموونەیەكی سەركەوتوو لە حوكمڕانیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وێنا دەكرێن، بۆیە ئەوەی ئەم كابینەیە و سەرۆكی حكوومەت كردوویانە، لە مێژوودا هاوتای نییە و دەبێت شانازی پێوە بكرێت"، حامید گەوهەری نووسەر و توێژەر وای گوت. 

شایەنی باسە لە كۆتای مانگی‌ شوباتی‌ ئەمساڵ، مەسروور بارزانی،‌ سەرۆك وەزیرانی‌ هەرێمی كوردستان بە بانگێشتێكی فەرمیی‌ واشنتن سەردانی‌ ئەمەریكای‌ كرد، چاوی بە چەند بەرپرسێكی باڵای ئەو وڵاتە كەوت، ئێستەش كە سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ئەمەریكایە لەوێ دووپات لە چارەسەركردنی كێشەكانی بەغدا لەگەڵ هەرێم كرایەوە، دەركەوت كە سەردانەكەی سەرۆك وەزیرانی‌ هەرێم بۆ ئەمەریكا كلیلی‌ چارەسەری‌ كێشە دارایی و سیاسییەكانی‌ نێوان هەرێم و بەغدا‌ بووە.

وشە/ ئاسان محەمەد



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل