"سەردانەكەی سەرۆك وەزیرانی هەرێم بۆ ئەمەریكا بەغدای ناچار كرد واز لە ستەم بێنێت"

:: PM:10:04:16/04/2024 ‌

لە میانی سەردانەكەی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ واشنتن و كۆبوونەوەی لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا، بە روونی باسی چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر و بەغدا كرا، كە بە بۆچوونی زۆرینەی چاودێر و شارەزایان ئەوە بەرهەمێكی‌ سەردانەكەی‌ سەرۆكی حكوومەتی هەرێم بوو بۆ واشنتن، كە بەتەواوی هێز و توانای بۆ هەرێم گەڕاندەوە. 

لەسەر ئەو بابەتە د. هاوكار گەڵاڵی، مامۆستای زانكۆ بە "وشە"ی گوت، رۆژ بەرۆژ كاریگەریی سەردانە سەركەوتووەكەی مانگی شوباتی رابردووی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ ئەمەریكا دەردەكەوێت، بە تایبەت دوای گەڕانەوەیان دەرەنجامە ئەرێنییەكانی پێوەست بە رەوانەكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە و بەغدا بەتەواوی نەرمی نواند و ناچار كرا كە واز لە ستەم بێنێت.

روونی كردەوە، هەروەها لە دوای سەردانی سوودانی و بۆ ئەمەریكا و كۆبوونەوەی لەگەڵ جۆ بایدن، تاوتوێی چەند پرسێكی ستراتیجی كراوە، لە نێویاندا بە روونی پاڵپشتیكردنی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بۆ پاراستن و بەهێزكردنی هەرێمی كوردستانێكی بەهێز و خۆڕاگر دووپات كراوەتەوە، ئەمەش كاریگەری و رەنگدانەوەی ئەو سەردانە گرنگەی مەسروور بارزانی بوو كە بەتەواوی هێز و توانای بۆ هەرێم گەڕاندەوە. 

"دابەشكردنی داهاتی عێراق بە یەكسانی بەسەر گەلانی عێراق بە هەرێمی كوردستانەوە وەك پێكهاتەیەكی سەرەكی، هەروەها بەردەوامی و پەرەپێدانی پشتیوانی دارایی هێزی پێشمەرگە و توندوتۆڵكردنی پێوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەكان و ناردنی مووچە و شایستەی هەرێم لەلایەن بەغداوە، بەشێك بوون لە دەرەنجامەكانی سەردانە سەركەوتووەكەی سەرۆكی حكوومەت و كەس نەیدەتوانی چارەسەریان بكات، تا ئەو گرێ كوێرەكەی كردەوە و دەرگای خێری بە رووی كوردستاندا كردەوە و وەك هەمیشە تەنگژە و كۆسپەكانی تێپەڕاند"، د. هاوكار گەڵاڵی وای گوت.

شایەنی باسە لە كۆتای مانگی‌ شوباتی‌ ئەمساڵ، مەسروور بارزانی،‌ سەرۆك وەزیرانی‌ هەرێمی كوردستان بە بانگێشتێكی‌ فەرمی‌ سەردانی‌ ئەمەریكای‌ كرد، كاتێك لە میانی سەردانی ئێستەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ واشنتن، دووپات لە چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر و بەغدا كرایەوە، بەوەش دەردەكەوێت كە سەردانەكەی سەرۆك وەزیرانی‌ هەرێم كلیلی‌ چارەسەری‌ كێشە دارایی و سیاسییەكانی‌ نێوان هەرێم و بەغدا‌ بووە.

وشە/ ئاسان محەمەد



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل