ئەمەریكا و هاوپەیمانان رەتی دەكەنەوە هێرشەكەی بابلیان ئەنجام دابێت

:: AM:09:21:20/04/2024 ‌
هەریەك لە فەرماندەی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان لە عێراق رایان گەیاند، هیچ پێوەندییەكیان بە تەقینەوەكانی شەوی رابردووی پارێزگای بابلەوە نییە.

ئەمڕۆ شەموو 20ـی نیسان، لە راگەیەنراوێكدا فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمەریكا ئاماژەی بەوە كرد، ئەوان هیچ رۆڵێكیان لە تەقینەوەكانی بابلدا نەبووە و هیچ هێرشێكیان ئەنجام نەداوە.

لە تویتەریش هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق لە راگەیەنراوێكدا رەتیان كردەوە، دەستیان لە تەقینەوەكانی پارێزگای بابلدا هەبێت و دڵنیاییان دا كە شەوی رابردوو هیچ هێرشێكیان ئەنجام نەداوە.

هاوكات هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق ئاماژەی بەوەش كردووە، بەردەوام دەبن لە پشتیوانیكردنی عێراق وەك هاوكار و هاوبەشێكی گرنگ.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دەنگی تەقینەوەیەكی بەهێز لە پارێزگای بابل بیسترا و بەگوێرەی زانیارییەكان، پاش هێرشەكە ژمارەیەك فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی جۆراوجۆر كە گومان دەكرێت ئەمەریكی بن، بەسەر ئاسمانی ناوچەكە و پارێزگاكانی بەغدا و كەربەلاشدا سووڕاونەتەوە، زانیارییەكان باس لەوە دەكەن كە بارەگای حەشدی شەعبی لە سەربازگەكە كراوەتە ئامانج.



وشە - رامیار جەواد