مەحما خەلیل: وەزیری كۆچ و كۆچبەران هۆكاری نەگەڕانەوەی ئاوارەكانی شنگالە

:: PM:06:47:20/04/2024 ‌

لەو ساتەوەی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق كەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی بزووتنەوەی بابلیوونی رەیان كلدانی، لە رێگەی ئیڤان فایەقەوە ئەو وەزارەتە بە خواستی بزووتنەوەكە بەڕێوە دەبات، دۆسیەی ئاوارەكان بووەتە سیاسی و جیاوازییەكی زۆر لە نێوان ئاوارەكان و بەكارهێنانیان لە هەڵبژاردن و گەڕانەوە و نەگەڕانەوەیان دەكرێت، پەرلەمانتارێك هێرش دەكاتە سەر وەزیری كۆچ و بە هۆكاری نەگەڕانەوەی ئاوارەكانی شنگالی دادەنێت.

مەحما خەلیل، پەرلەمانتاری عێراق لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت، وەزیری كۆچ و كۆچبەران هۆكاری سەرەكیی نەگەڕانەوەی ئاوارەكانە بۆ ناوچەكانیان، ئەوەش بەهۆی ئەو بەرنامە شكستخواردووەی بۆ چارەسەری كێشەی ئاوارەكان و گەڕانەوەیان دایناوە، لە 2021 و 2022 زیاتر لە 10 هەزار خێزانی ئاوارە گەڕاونەتەوە شنگال، بەڵام وەزیری كۆچبەران مافی ئەوان و ئەو بڕە پارەی بۆیان دیاریكراو بوو بەوانی نەدا. 

ئاماژەی كرد، مافی 20 هەزار خێزانی ئاوارەی شنگالی نەداوە و لە فەراهەمكردنی زەوینەی لەبار بۆ گەڕانەوەیان شكستی هێنا، بە بەردەوام ئەو شكستەشی دەكاتە تۆمەت و دەیخاتە پاڵ كەسانی تر و ددان بەوەدا نانێت كە بەرنامەكەی شكستی هێناوە، وەزارەتەكەی لە نەگەڕانەوەی ئاوارەكان و پێدانی مافیان و دابینكردنی توانا و پێویستییەكانیان شكستی هێناوە.  

خەلیل دووپاتی كردەوە كە عێراقییەكان متمانەیان بە وەزیری كۆچ و كۆچبەران و بەرنامەكەی بۆ دوو خولی وەزیرایەتی نەماوە، ئەو پارەی تەرخانكراوی بۆ ئاوارەكان لە بانگەشەی هەڵبژاردن خەرج كردووە، لەلایەكی تر جێی سەرسڕمانە ئەو بابەتە مرۆییە لە ململانێی سیاسی لەگەڵ لایەن و حكوومەت بەكاردێنێت، جیاوازی لە نێوان ئاوارەكان لەسەر بنەمای ئاین و رەنگ و مەزەو و ئینیمای سیاسی دەكات، ئەوەش پێشێلكردنی دەستوور و شكاندنی سوێندی یاساییە.

ئەو پەرلەمانتارە وەزیری كۆچ و كۆچبەران بە داخستنی دەمی پەرلەمانتار و كەسایەتییە نیشتمانییەكان لە ئاشكراكردنی ستەمی سەر ئاوارەكان تۆمەتبار دەكات، بە پەنابردن بۆ دادگا و تۆماركردنی داوای تەشهیركردن لەدژی، ئەو لێدوانانەشی بە بوونی چەند لایەنێك رێگری لە گەڕانەوەی ئاوەركان دەكەن بە درۆ وەسف كرد.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل