زانیاری نوێ‌.. بە پلەبەرزكردنەوە مووچەی بەشێك لە فەرمانبەران كەم دەبێتەوە

:: PM:03:08:21/04/2024 ‌
لەكاتێكدا بڕیارە لەگەڵ لیستی مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەران پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران دەست پێ بكرێتەوە بەو جۆرەی كە هاوتای بەغدا بكرێت، بەڵام لەگەڵ بڕیارەكەدا مووچەی بەشێك لە فەرمانبەران كەم دەبێتەوە.

كاوە نووری ژمێریاری پێشكەوتوو لە یەكێك لە فەرمانگەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەو زانیاریەی بە "وشە" دا و گوتی، پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی كوردستان سوودی بۆ كۆی فەرمانبەران هەیە، جگە لە چەند پلەیەك كە مووچەكانیان كەم دەبێتەوە.

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، بە گوێرەی رێككەوتنی هەرێم و بەغدا لیستی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران هاوشێوەی بەغدا دەبێت، بەڵام بەغدا لە پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران لە دوای كوردستانە.

زیاتر روونی كردەوە كە ئەگەر كەسێك لە كوردستان پلە چوار یان پلە پێنج بێت فەرمانبەری هاوشێوەی خزمەت و بڕوانامەی ئەو لە بەغدا نەگەیشتووە بەو پلەیە، بۆیە پلەكان دێتە خوارەوە.

ئەوەیشی گوت، پلەی چوار لەسەر مووچەی بنەڕەتی نزیكەی 20 هەزار دینار كەم دەكات و پلەی پێنج 15 تا 17 هەزار دینار لە پلەكانیان دێتە خوارەوە. 

جێی ئاماژەی كە ئێستە ئامادەكاری تەواو كراوە لیستی مووچەی پلەبەرزكردنەوەی ئامادە بێت و رەوانەی بەغدا بكرێت. 



وشە - وشه‌