چوونە حەج بۆ كۆمەڵێك كەس قەدەغە كرا

:: PM:03:43:21/04/2024 ‌
وەزارەتی حەجی سعوودیە بڕیاری دا ئەو كەسانەی كۆمەڵێك نەخۆشییان هەیە، ناتوانن ئەمساڵ حەج بكەن و مامەڵەكەیان هەڵدەوەشێتەوە.

ئەمڕۆ یەكشەم 21ـی نیسان، وەزارەتی حەج و وەزارەتی تەندروستیی سعوودیە، ڕێنوێنیی بۆ حاجیانی وڵاتانی دەرەوەی وڵاتەكەی بڵاو كردەوە و تێیدا هاتووە، لە كاركەوتن یان كێشەی بەردەوامی گورچیلە كە پێویستی بە شوشتن هەیە یان شوشتنی زراو، نابێت گەشت بكەن.

ئەو وەزارەتە دەڵێت، ئەو كەسانەی كێشەی لاوازی كاركردنی دڵیان هەیە، هەروەها ئەوانەی نەخۆشییە درێژخایەنەكانی سییەكانیان هەیە كە پێویستیان بە بەكارهێنانی ئۆكسجینی پچڕپچڕ یان بەردەوام هەیە، با حەج نەكەن.

ئەو دوو وەزارەتەی سعوودیە هۆشداریی لەوەش دەدەن كە ئەوانەی نەشتەرگەری بۆ جگەریان كراوە، ناتوانن فەریزەی حەج ئەنجام بدەن، یان ڤایرۆسی جگەریان هەیە و لە پشكنین دەردەچێت.

ئەو دوو وەزارەتە ئەوەشیان دیاری كردووە ئەوانەی زۆر بەتەمەنن و پیر بوونە و توانای رۆیشتنیان نییە، ناتوانن حەجی ئەمساڵ ئەنجام بدەن.

تەندروستیی سعوودیە پێشنیاری كردووە كە حاجیانی تووشبوو بە نەخۆشییە درێژخایەنەكان، پێویستە دڵنیابن لەوەی لەسەر بارودۆخی تەندروستیی خۆیان دەرمانی پێویست و زانیاریی پزیشكیان هەبێت، ئەمە جگە لە بڕێكی پێویست لەو دەرمانانەی كە دەیخۆن پێیان بێت، هەروەها كوتان لە دژی نەخۆشیی وەك كۆكە، ئیفلیجی منداڵان، سوورێژە... هتد كوترا بن.

وەزارەتی حەج و عومرەی سعوودیە ڕای گەیاندووە، ماوەی كاركردنی ڤیزەی عومرە لە كاتی دەرچوونیەوە سێ‌ مانگە.




وشە - رامیار جەواد