ئەحمەد سەفار: دژایەتییەكانی "هەژماری من" سیاسییە نەك دارایی

:: PM:06:16:21/04/2024 ‌
ئەندامێكی پێشووی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رای دەگەیەنێت، دنیا بەرەو پێشكەوتنە و "هەژماری من" لەو چوارچێوەیە خزمەت بە خەڵك دەكات و گرنگ و كاریگەرە.

ئەمڕۆ یەكشەم 21ی نیسان، د.ئەحمەد سەفار، ئەندامی پێشووی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بە "وشە"ی راگەیاند، هەژماری من لە رووی دارایی و ئابووری و پێشكەوتنی ئەلیكترۆنی زۆر گرنگ و كاریگەرە و لەگەڵ بەرەوپێشچوونی دارایی دنیایە و بابەتی كاش زۆر كەم وڵات هەن كاری پێ بكەن و هەمووی بە ئەلیكترۆنی كراوە.

باسی لەوە كرد، هەژماری من لە كوردستان، حساب بانكییەكە بۆ فەرمانبەران دروست دەكرێت، ئەو بانكانەی بەشدارییان كردووە لەو هەژماری منە، فەرمانبەر بە ویستی خۆی بانكێكیان دیاری دەكات.

هەروەك دووپاتی كردەوە، هەژماری من پڕۆژەیەكی زۆر باش و پێشكەوتووە، دوای قۆناغی یەكەم كە فەرمانبەرانن ژمارەی حسابیان بۆ دەكرێتەوە، دواتر خەڵكی ئاساییش دەتوانن هەژمار بکەنەوە و ببنە خاوەنی هەژماری من، لە هەر بانكێك لەوانەی خۆیان دەیانەوێ.

لەبارەی ئەو دژایەتییانەی كە بەرانبەر پڕۆژەكە هەیە، سەفار گوتی، ئەو دژایەتییەی كە بۆ هەژماری من دەكرێ سیاسییە نەك ئیداری و یاسایی، هەژماری من یەكێكە لە پرۆژە پێشكەوتووەكان، دەبێت لە ئایندەیەكی نزیكدا هەر كەسێك هەژمارێكی خۆی هەبێت.

هەژماری من پڕۆژەیەكی ستراتیجییە بۆ بەئەلیكترۆنی كردنی سیستمی دارایی و پارەدان كە لەلایەن نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی كوردستان جێبەجێ‌ دەكرێت و هێشتا پڕۆسەی تۆماركردنی فەرمانبەرانی كوردستان بەردەوامە.


وشە - وشه‌