رۆژنامەیەك: ئەمەریكا و ئێران لەبارەی غەزە و رێككەوتنی ئەتۆمی گفتوگۆ دەكەن

:: PM:08:40:21/04/2024 ‌

لەناو ئاڵۆزییەكانی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئەمەریكا رێگری لە ئێران و ئیسرائیل كرد كە بازنەی شەڕ فرەوان بكەن، ئاماژەی جموجۆڵێكی دیپلۆماسی لە نێوان تاران و واشنتن سەبارەت بە چەند دۆسیەیەكی ناكۆك لە نێوانیان دەردەكەوێت، لەوانە شەڕی غەزە و زیندووكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی، رۆژنامەیەكی ئێرانی ئاشكرای دەكات كە بەرپرسانی ئێران و ئەمەریكا لە نیویۆرك خەریكی دانوستانن.

رۆژنامەی "شەرق"ی ئێرانی باسی ئەوە دەكات كە لە نیویۆرك سەعید ئیروانی، نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەكگرتووەكان لەگەڵ ژمارەیەك بەرپرسی ئەمەریكی خەریكی گفتوگۆن، ئەوان تاوتوێی چەند دۆسیەیەكی جیاواز دەكەن، لەوانە تەنگژەی غەزە و چۆنیەتی زیندووكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی.

ئەگەرچی ئاژانسی "ئێرنا"ی فەرمیی ئێرانی راستیی ئەو راپۆرتانەی رەت كردەوە كە باسی ئەو گفتوگۆیە لە نیویۆرك دەكەن، رەحمان قەهرەمان پوور، شارەزای پێوەندییەكانی ئێران و ئەمەریكا دەڵێت، دەكرێ گفتوگۆكانی نیویۆرك دانوستانێكی سەرەتایی نێوان دیپلۆماتكاران بێت، ئەوان قسە و بۆچوونی خۆیان ئاڵوگۆڕ پێ دەكەن، گرنگی لەپێشینەی ئەمەریكا شەڕی غەزەیە نەك رێككەوتنی ئەتۆمی و گفتوگۆ لەگەڵ ئێران لەوبارەوە، بۆیە رەنگە دوای شەڕەكە و هەڵبژاردنی ئەمەریكا لە تشرینی دووەمی ئەمساڵ ئەو بابەتە بێتە پێشەوە.

دووپاتی كردەوە، ئەگەر بایدن لە هەڵبژاردن بیباتەوە، گفتوگۆ لەبارەی رێككەوتنی ئەتۆمی دەخاتەوە ناو بەرنامەی كارەكانی و بە رژدی كاری لەسەر دەكات، بەڵام ئەگەر گفتوگۆش دەست پێ بكاتەوە، بۆ زیندووكردنەوەی رێككەوتنەكە نییە، بەڵكو بۆ گەیشتنە بە رێككەوتنێكی نوێ، بەگشتی هەردوولا خواستی چارەسەركردنی ئەو دۆسیەیەیان هەیە، بەڵام بەهۆی جیاوازیی بەرژەوەندی و خواستی هەردوو وڵات گەیشتن بە رێككەوتنێكی گشتگیر زەحمەتە، ئێستەش دۆخی ناوچەكە ئەوەندە ئاڵۆزە كە زەحمەتە ئێران و ئەمەریكا بگەن بە چارەسەری لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمییەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل