رێكخراوی ئۆپێك داوای دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوتی هەرێم دەكات

:: PM:09:42:21/04/2024 ‌

وەستانی هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی توركیاوە ساڵێكی تێپەڕاند، بەپێی ئامارەكان زیانی ئابووریی عێراق لەو وەستانە گەیشتووەتە 14 ملیار دۆلار، كەچی هێشتا عێراق رازی نییە هەناردنی نەوتەكە دەست پێ بكاتەوە، سەرچاوەیەك لە وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژە دەكات كە رێكخراوی ئۆپێك داوای لە وەزیری نەوتی عێراق كردووە رێگە بە هەرێمی كوردستان بدات بۆ هەناردنی نەوتەكەی.

سەرچاوەكە دەڵێت، رێكخراوی ئۆپێك بە حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراقی راگەیاندووە كە رێگە بە هەرێمی كوردستان بدەن بە هەناردنی رۆژانەی بڕی 200 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی توركیاوە، هەر بەپێی سەرچاوەكە عەبدولغەنی لە وەڵامی ئۆپێكدا گوتوویەتی كە حكوومەتی هەرێم پابەند نییە بە داواكارییەكانی بەغدا.

سەرچاوەكە دووپاتی كردەوە كە ئۆپێك جارێكی تر وەڵامی وەزیری نەوتی عێراقی داوەتەوە و داوای لێ كردووە رێگە بە هەرێم بدەن بە هەناردنی رۆژانەی 200 هەزار بەرمیل نەوت، بۆیە وەڵامەكەی ئۆپێك سەری لە عەبدولغەنی شێواندووە و وای لێ كردووە نامەكانی ئۆپێك رەوانەی لای سەرۆك وەزیرانی عێراق بكات و چاوەڕوانی بڕیاری سوودانییە لەوبارەوە.

جێگەی ئاماژەیە لە 25ی ئاداری ساڵی رابردوو هەناردەی نەوتی كوردستان لەسەر سكاڵایەكی عێراق لەلایەن دادگای ناوبژیوانی بازرگانیی جیهانییەوە راگیرا، دوای ئەو كاتەیش كۆمپانیا نەوتییەكانی كوردستان رێكخراوێكی تایبەتییان بە ناوی "ئەپیكۆر" دامەزراندووە و لای خۆشییەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام پابەندیی و ئامادەیی راگەیاندووە كە بۆرییەكانی نەوت ئامادەیە بۆ دووبارە هەناردنەوە و پێویستە حەقی كۆمپانیا نەوتییەكان بدرێ بۆ ئەوەی دووبارە دەست بكرێتەوە بە هەناردەی نەوت و لە دوایین سەردانی محەمەد شیاع سوودانیش لە چەند رۆژی رابردوودا بۆ ئەمەریكا، ئەمەریكا داوای لە عێراق كردووە كە دووبارە دەست بكرێتەوە بە هەناردەی نەوتی كوردستان، بەڵام عێراق ئامادە نەبووە حەقی كۆمپانیا نەوتییەكان بدات.


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل