لە عێراقەوە هێرش كرایە سەر بنكەیەكی سەربازیی ئەمەریكا لە سووریا

:: PM:11:10:21/04/2024 ‌

سەرچاوەیەكی تەناهی ئاماژە دەكات كە ئەمڕۆ یەكشەم چەند مووشەكێك لە خاكی عێراقەوە بە ئاراستەی بنكەیەكی سەربازیی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی سووریا هەڵدراوە، ئێستە فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا بە چڕی بە ئاسمانی ناوچە سنوورییەكانی عێراق و سووریا دەسووڕێنەوە.

سەرچاوەكە ئاماژەی كرد كە ئەمڕۆ پێنج مووشەك لە گوندی حەمەد ئاغا لە شاردەێی زوماڕ لە رۆژئاوای پارێزگەی نەینەوا بە ئاراستەی بنكەی سەربازیی خەراب جیری ئەمەریكی لە رۆژهەڵاتی سووریا هاوێشتراون، هەر بەپێی سەرچاوەكە دوای هێرشەكە ئێستە فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا بە چڕی بە ئاسمانی ناوچە سنوورییەكانی عێراق و سووریا، بەتایبەتی لە هەردوو شارەدێی زومار و رەبیعە لە رۆژئاوای نەینەوا دەسوورێنەوە.

روونی كردەوە، هاوكات هێزێكی سوپای عێراق بەرەو ناوچەكە رۆیشتووە كە مووشەكەكانی تیادا هەڵدراوە بێ ئاشكراكردنی وردەكاریی رووداوەكە، سەرچاوەكە ئەوەندەشی گوت كە فەوجی 78ی هێزەكانی حەشدی شەعبی بە فەرماندەیی موتعیب فەرمان شاهر كۆنترۆڵی ئەو ناوچەیە دەكات كە مووشەكەكانی تیادا هەڵدراوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل