ئەڵمانیا داوا لە بەریتانیا دەکات پارەیەکی زیاتر بۆ مەبەستی سەربازی خەرج بکات

:: PM:05:29:23/04/2024 ‌
ئەڵمانیا داوا لە بەریتانیا دەکات پارەیەکی زیاتر تەرخان بکەن بۆ مەبەستی سەربازی، ئۆلاف شۆڵدز ڕاوێژکاری ئەڵمانیا بە ڕیشی سوناک سەرۆک وەزیرانی بەریتانیای ڕاگەیاندووە، ئەگەر دەیانەوێت بەشێک بن لە پێکهاتەی تەناهیی ئەوروپا، ئەوا پێویستە پارەی زیاتر لە بواری سەربازی خەرج بکەن. 

ئەمڕۆ سێشەم 23ى نیسان، پێگەی ''گرەیت بریتن'' ئاشکرای کرد، بەم نزیکانە ڕیشی سوناک سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا سەردانی بەرلین دەکات، پێش سەردانەکە ئۆلاف شۆڵدز ڕاوێژکاری ئەڵمانیا بە بەریتانیای ڕاگەیاندووە، ئەگەر دەیانەوێت بەشێک بن لە ئەوروپا، ئەوا پێویستە پارەی زیاتر لە بواری سەربازی خەرج بکەن. 

بەم دواییە ئەڵمانیا پابەند بوو بە ڕێساکانی ناتۆوە، بەگوێرەی ناتۆ بەرلین دەبێت دوو لە سەدی بودجەی گشتی وڵاتەکەی تەرخان بکات بۆ مەبەستی سەربازی، بەڵام لە ماوەی ڕابردوو ئەڵمانیا پابەند نەبوو بەو بڕیارەوە، ئێستە بەهۆی شەڕی ئۆکرایناوە، بەرلین دوو لە سەدی پارەی وڵاتەکەی تەرخان کردووە بۆ مەبەستی سەربازی، هەروەها هاوکارییەکانی بۆ ئۆکراینا بە بەراورد بە بەریتانیا دوو هێندەیە. 
بەریتانیا خۆی دەخورێنێ
بەریتانیا پلانی هەیە بڕێکی پێویست لە پارەی وڵاتەکەی تەرخان بکات بۆ مەبەستی سەربازی، بەڵام هاوپەیمانەکانی لەندەن نائومێد بوون و داوا دەکەن ڕیشی سوناک پەلە بکات لە تەرخانکردنی پارەیەکی زیاتر بۆ مەبەستی سەربازی. 

بێجگە لە ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، بەرپرسێکی تری باڵای ئەو وڵاتە داواکارە و بە پێویستی دەزانێت بەریتانیا هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ ئۆکراینا زیاتر بکات، ڕیشی سوناک لە سەردانەکەیدا بۆ بەرلین گەورەترین گوژمەی هاوکاری بۆ ئۆکراینا ڕادەگەیەنێت، کە پێک دێت لە کەلوپەلی سەربازیی مۆدێرن بە بڕی 500 ملیۆن پاوەنی بەریتانی، ئەڵمانییەکان بەوە دڵخۆشن و داوا لە بەریتانیا دەکەن کاری زیاتر بکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی ڕووسیا. 

ماوەی دوو ساڵە شەڕی ئۆکراینا درێژەی هەیە، لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا شەڕێکی درێژخایەنی تووشی وڵاتە ئەوروپییەکان کردووە، دوای ئەمەریکا، ئێستە بەریتانیا بەنیازە هاوکاری زیاتر بۆ ئۆکراینا بنێرێت و ئەڵمانیا و ئەمەریکا بە پابەندبوونی ڕۆژئاواوە دڵخۆشن بۆ هاوکاریکردنی ئۆکراینا.


وشە - ئارا هێمن