پێشەوا هەورامی: گەر هەژماری من قبووڵ نەكرێت بابەتەكە دەبێتە گێچەڵ كردن

:: PM:08:58:25/04/2024 ‌
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند، پڕۆژەی هەژماری من لە پرسی مووچەدا "ئەولەویەتی" حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، هەر چارەسەرێک لە نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر حیسابی پڕۆژەی هەژماری من بێت، ڕەتی دەکەینەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 25 نیسانی 2024، پێشەوا هەورامی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، هەژماری من یەکێکە لە ئەولەویاتەکانی حکوومەتی هەرێم و بەلایەوە گرنگە، گەر هەژماری من قبوڵ نەکرێت جۆرێکە لە بیانوو گرتن و گێچەڵ کردن، چونکە ئەوەی لەناو هەژماری مندا هەیە زۆر زیاترە لەوەی لە عێراق کراوە و پێی دەگوترێت تەوتین "بەنیشتیمانیکردن".

چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی داهاتوودا، شاندێکى هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکەن بۆ گفتوگۆ کردن لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق، چارەسەرکردنی کێشەی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر هەژماری من و پرسی بەئەلیکترۆنیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم یەکێک دەبێت لەتەوەرەکانی گفتوگۆی نێوانیان.

لەمبارەوە پێشەوا هەورامی ڕای گەیاند، "تەوتین تەنیا کارتێکی مووچە وەرگرتنە نەک هەژماری بانکی، بەشێک لەو بانکانەش نیشانەی پرسیاریان لەسەرە، بۆیە بەدوای چارەسەرێکدا دەگەڕێین و چارەسەرەکەش لەسەر حیسابی دەستبەرداربوون نییە لە هەژماری من. فەرمانبەری عێراق سەرپشک کراوە لە بانکی ئەهلی یان حکوومی تەوتین بکات، بۆچی بۆ فەرمانبەری هەرێم ئەمە سنووردار کراوە؟"

لای خۆشییەوە، سەرچاوەیەکی بەرپرس لە حکوومەتی هەرێم کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "پێدەچێت بەمنزیکانە هەرێم و بەغدا لەسەر هەژماری من گفتوگۆ بکەن، ئەوەی بووەتە هۆی گرفت ئەو بڕگەیەی بڕیاری دادگای فیدراڵییە بۆ دابەشکردنی مووچە لە ڕێگەی بانکە فیدراڵییەکانەوە، ئەگینا لە ڕووی تەکنیکییەوە تەوتین و هەژماری من یەک پرۆسەن."

هەروەها گوتیشی، "گەر دادگای فیدراڵی ڕوونکردنەوە بدات و بابەتەکە بخاتە لای بانکی فیدراڵیی عێراق کە پسپۆڕی خۆیەتی، کێشەکە چارەسەر دەبێت. پێشموانییە هەرێم دەستبەرداری هەژماری من ببێت."


وشە - پۆڵا مەحموود