نوێترین زانیاری لەبارەی هاتنی مووچە گەیشت

:: PM:12:55:28/04/2024 ‌
بەرپرسێكی سیاسی لە عێراق رای گەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق بەردەوام دەبێت لە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان.

ئەمڕۆ یەكشەم 28ـی نیسان، نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ڕای گەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق بەردەوام دەبێت لە ناردنی مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.

زیاتر گوتی، لەوانەیە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بۆ مانگی ئۆكتۆبەر 10ی ئەمساڵ دوا بخات. ئەمە پرسێكی تەكنیكییە و پێوەستە بە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانەوە و كۆمسیۆنیش كارەكانی خۆی دەكات.

ئاماژەی بەوە كرد، لیژنەیەك لە بەغدا پێك هێنراوە پرسی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان تاوتوێ دەكات.

ئەو قسانەی مالیكی دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە بەغدا هات.




وشە - رامیار جەواد