سەرۆكایەتی هەرێم: بانكە بەشدارەكانی "هەژماری من" لەلایەن بانكی ناوەندییەوە متمانە پێ كراون

:: PM:09:28:28/04/2024 ‌
گوتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، تەواوی لایەنە عێراقییەكان كۆكن لەسەر بەبانكیكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، لایەنی عێراقیش پڕۆژەی "هەژماری من"یان رەت نەكردووەتەوە، حكوومەتی عێراق نەیگووتووە لە پرۆسەی بەبانكیكردندا تەنیا پشت بە "بانكی رافیدەین و رەشید" دەبەسترێت. 

ئەمشەو یەكشەم 28ی نیسانی 2024، دڵشاد شەهاب گوتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، لەبارەی كۆبوونەوەكانی نێچیرڤان بارزانی و لایەنە عێراقییەكان ئاماژەی بەوە كرد، حكوومەتى عێراق ناڵێت بۆ بەبانكیكردنی مووچەی فەرمانبەران تەنیا پشت بە بانکەکانى "رافیدەین و رەشید" ببەسترێ، بەڵكو هەموو لەسەر ئەوە كۆكن كە پێویستە گرەنتی ئەوە بكرێت كە مووچەكە لە رێگەی بانكییەوە بە مووچەخۆر بگات. 

گوتەبێژەكەی سەرۆكایەتیی هەرێم ئاماژەیشی دا، تەواوی ئەو بانكانەی لەلایەن حكوومەتی هەرێمەوە دەستنیشان كراون، لە رێگەی بانكی ناوەندییەوە متمانەیان پێدراوە و بانكە بەشدارەكانی هەژماری من هیچ جیاوازییەكیان نییە لەگەڵ بانكەكانی تر، چونكە متمانەیان لە بانكی ناوەندی و حكوومەتی فیدراڵ وەرگرتووە. 

لەبارەی هەڵبژاردنیشەوە، دڵشاد شەهاب بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، هەڵبژاردنی كوردستان پرسێكی پێوەندارە بە هەموو عێراقەوە و هەموو لایەنە فەرمی و سیاسییەكان بە گرنگییەوە لە پڕۆسەكە دەڕوانن، هەموویان كۆكن لەسەر ئەوەی كە پێویستە هەڵبژاردنێك لە كوردستان بەڕێوەبچێت سەرجەم لایەنەكان بەشداری تیادا بكەن و مافی پێكهاتەكانیش بە دەست بهێنرێت. 

گوتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێم دووپاتی كردەوە، كوردستان بە قۆناغێكی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت و هەستكردن بە بەرپرسیارییەتی ئەم قۆناغەی كە كوردستان پیایدا تێپەڕ دەبێت، لەوە گەورەتر و چارەنووسسازترە لەسەر دواخستنێك یا وادەیەكی نوێ بۆ هەڵبژاردن دیاری بكرێت. ئاماژەیشی كرد، لە عێراقدا هەموو لایەنەكان كۆكن لەسەر ئەوەی كە پێویستە هەڵبژاردنێك ئەنجام بدرێت، بە بەشداریی هەموو لایەنەكان.


وشە - پۆڵا مەحموود