لەبارەی سەرۆكی پەرلەمانەوە شیعە خۆیان یەكلا كردەوە

:: PM:09:47:29/04/2024 ‌

بەهۆی ئەوەی زۆرینەن لە پەرلەمانی عێراق، بڕیاری چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە لەبارەی هەر پرسێكەوە گرنگە، ئێستە هەوڵی رژد هەیە بابەتی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەم وەرزەی یاسادانان یەكلا بكرێتەوە، بۆیە شیعە بڕیاری خۆیان داوە بە پاڵپشتیكردنی سالم عیساوی وەك سەرۆكی پەرلەمان، بۆ ئەو مەبەستەش دانیشتنێكی پەرلەمان ساز دەكرێت.

سەرچاوەیەكی سیاسی ئاماژە دەكات كە ئەمڕۆ دووشەم لایەنەكانی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی كۆبوونەتەوە و گەیشتووەنەتە چەند ئەنجامێك، لەوانە نابێت جارێكی تر دەرگەی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بكرێتەوە، سازكردنی دووەم گەڕی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان بەر لە كۆتاهاتنی وەرزی ئێستەی یاسادانان، دیاریكردنی دانیشتنێكی پەرلەمان بۆ ئەو مەبەستە لە هەفتەی داهاتوو.

سەرچاوەكە روونی كردەوە، هەر لە كۆبوونەوەكە بڕیار درا بە دروستكردنی كۆدەنگییەكی پەرلەمانی بۆ سازكردنی دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان لە هەفتەی داهاتوو، لەو دانیشتنەش فراكسیۆنەكانی سەر بە چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەنگ بە سالم عیساوی، كاندیدی خەمیس خەنجەر و نەیار بۆ محەمەد حەلبووسی دەدەن وەك سەرۆكی پەرلەمانی عێراق.

شایەنی باسە ئەمڕۆ دووشەم هێزە سیاسییەكانی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی، كۆبوونەوەیەكی گرنگیان بۆ تاوتوێكردنی بابەتی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان عێراق ساز كرد و بڕیاری خۆیان لەوبارەوە دا. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل