بافڵ تاڵەبانی فەوجێك بۆ سەلەفییەكان دەكاتەوە

:: PM:10:12:29/04/2024 ‌
لە ئێوارەی دوێنێوە سەلەفییەكانی سلێمانی، هەڕەشە لە رۆژنامەنووس بەشدار بازیانی دەكەن. ئەویش رای دەگەیەنێت، دۆسیەی زۆرم لێیان ئاشكرا كردووە، ئەمشەویش لەژێر ناونیشانی مەلەفی یەكەمی سەلەفییەكاندا، بەشدار بازیانی وردەكاریی دروستكردنی فەوجی سەلەفییەكانی لە ناو فەوجەكانی هێزی كۆماندۆ بڵاو كردەوە. 

ئەمشەو دووشەم، 29ی نیسانی 2024، بەشدار بازیانی رۆژنامەنووسە هەڕەشەلێكراوەكە لەلایەن "عەبدولەتیف" سەلەفییەوە، بڵاوی كردووەتەوە، ئەو مەلەفانەی سەلەفییەکان و خودی عەبدولەتیف چین، کە لە بڵاوبوونەوەی دەترسن و ترساون و هەڕەشەمان لێدەکەن لەسەری؟

رۆژنامەنووسەكە درێژەی داوە بە باسەكەی و روونی كردووەتەوە،  بۆ یەکەمین جارە داخلکردنی تیمەکانی رەوتی سەلەفییەت لەنێو موئەسەساتی ئەمنی و هەواڵگری، کە ئەمە پێشهاتێکی نوێیە و دامەزراوەکانی تریشی بەدوادا دێت.

لە زانیارییەكانی رۆژنامەنووسەكەدا زیاتر هاتووە، بەپێی زانیاریەکانمان بە بڕیارێکی تایبەت سەلەفییەکان پشکى تایبەتیان لە دامەزراندنەکانی مانگی 11ی پارساڵ لەناو "هێزەکانی کۆماندۆ" پێ دراوە.

بازیانی ئەوەیشی ئاشكرا كردووە، پشکی سەلەفییەکان دانان و دامەزراندنی 96 ئەندامی سەلەفی هەڵبژاردە لەلایەن سەرۆکی ڕەوتەکەن، کە لە خەڵکی کەرکووک پێکهاتوون.

"ئەم تیمە سەلەفییە دەکرێنە فەوجێک و بەرپرسی فەوجەکەیان بۆ دادەنرێت، کە ئێستا لە دارایی ڕەوتی سەلەفییەکانە و نزیکی کەسی یەکەمی سەلەفییەکانە و کەرکووکییە". لە مەلەفی یەكەمی سەلەفییەكانی "بەشدار بازیانی" وا هاتووە. 

لە كۆتایی مەلەفی یەكەمی سەلەفییەكان، بەشدار بازیانی روونی كردووەتەوە،  ئەمەش بەپێی ڕێکكەوتنەکەی مزگەوتی بەهەشت بووە، سەلەفییەکان نایانەوێت ئەم پرس و باسە جارێ بچێتە میدیا.


وشە - تایبه‌ت