سەركردەیەكی شیعە: حزبی تەقەدوم لە پرۆسەی سیاسی ناكشێتەوە

:: PM:06:07:01/05/2024 ‌

ئێستە شیعە بەنیازن كەسێكی سوننەی نزیك لە خۆیان و نەیار بۆ محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی عێراق بكەنە سەرۆكی پەرلەمان، دوێنێ حزبی تەقودومی حەلبووسی هەڕەشەی كشانەوەی لە پرۆسەی سیاسی كرد ئەگەر پۆستەكە بەوان نەدرێتەوە، سەركردەیەكی شیعەش ئاماژە دەكات كە ئەو هەڕەشانەی تەقەدوم تەنیا بۆ گوشاری سیاسییە و ئەوان ناكشێنەوە.

عەلی فەتلاوی، سەركردە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەڵێت، حزبی تەقەدوم خۆی بەرپرسیارەتیی شكستهێنانی لە وەرنەگرتنەوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان دەگرێتە ئەستۆ، چونكە كەسایەتییەكی بۆ پۆستەكە كاندید كرد كە جێی مشتومڕ و رەتكراوە بوو، بەتایبەتی كە ئێستە ئەو حزبە بە لاوازترین قۆناغەكانیدا تێپەڕ دەبێت و هەندێك لە ئەندامانی لە پەرلەمان جیا بوونەتەوە و روویان لە فراكسیۆنەكانی تری سوننە كردووە.

فەتلاوی روونی كردەوە، ئاماژەكردنی حزبی تەقەدوم بۆ كشانەوە لە پرۆسەی سیاسی تەنیا هەڕەشەیە و كارتێكی گوشاری سیاسییە، دووپاتی كردەوە كە ئەو حزبە دەست لە دەسەڵاتەكان و ئەو پۆستانە بەرنادات كە ئێستە هەیەتی، بۆیە حزبەكە لەو قسانە راست ناكات و بە هیچ شێوەیەك ناكشێنەوە. 

دووشەمی رابردوو لایەنەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە رایان گەیاند كە بەر لە كۆتاهاتنی وەرزی ئێستەی یاسادانان، دووەم گەڕی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان ساز دەكردێت و رەنگە بكەوێتە هەفتەی داهاتوو و ئەوان دەنگ بە سالم عیساوی، كاندیدی خەمیس خەنجەر و نەیار بۆ محەمەد حەلبووسی وەك سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دەدەن.  

دوێنێ سێشەم ئەنوەر عەلوانی، سەركردە لە حزبی تەقەدوم، گوتی، بەهۆی ئەو زۆرینە پەرلەمانییە سوننەی هەیەتی، پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە پشكی حزبی تەقەدومە، بۆیە ناكرێ هێزە سیاسییەكان بە هۆی نەیاریی سیاسییەوە بەسەر ئەو نەریتە سیاسی و بەركەوتە سیاسی و هەڵبژاردنەی حزبی تەقەدوم باز بدەن و پۆستەكە بە كەمینەیەكی سوننە بدەن، بۆیە دانی پۆستەكە بەو كەمینە وامان لێ دەكات وەك حزبی تەقەدوم لە پەرلەمان و حكوومەت و تەواوی پرۆسەی سیاسی پاشەكشە بكەین.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل