رابوون مەعرووف: لەناو تەواوی حزبەكاندا تەنیا پارتی خاوەن دیدگای خۆیەتی

:: PM:09:40:02/05/2024 ‌
پەرلەمانتارێكی پێشووتری عێراقی سەر بە فراكسیۆنی نەوەی نوێ كە پێشووتریش پەرلەمانتاری كوردستان بوو لە لیستی گۆڕان لە نووسینێكدا لە ژێر تایتلی " پارتی نەناسی!" باس لە كاریگەرییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات لە باشووری كوردستان و هاوكات ئاماژەی داوە كە پارتی ئیدارە و حكوومەتی هەرێم بەڕێوە دەبات و بڕیارە سەرەكی و نەتەوەییەكانی گرتووەتە دەستی خۆی. 

رابوون مەعرووف پەرلەمانتاری پێشووی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لە نووسینەكەیدا ئەو راستیەی باس كردووە، كە حزبەكانی كوردستان چونكە پارتی ناناسن، ناتوانن پارتی تێپەڕێنن و لەناو تەواوی حزبەكانی كوردستانیشدا تەنیا پارتی دیدگای روونە و ئاشكرایشی كردووە، كە پەرلەمانتارێكی كوردی عێراق كە تەواوی هەوڵەكانی خۆی چڕ كردووەتەوە بۆ دژایەتیكردنی پارتی، كاتێك سەردانی هادی عامری كردووە و داوای پاڵپشتی سیاسیی لێ كردووە، هادی عامری لە وەڵامدا پێی گوتووە: ئێوە کێن و لە کوێوە ھاتوون، تا بۆ خاتری ئێوە ئەبو مەسروور لە خۆمان نیگەران بکەین"

دەقی نووسینەكەی رابوون مەعرووف: 

پارتی نەناسی!

قال النبي (ص): (نحن معاشر الأنبياء أمرنا أن نكلم الناس على قدر عقولهم*).
پێغەمبەر (ص) وتی: ئێمەی کۆمەڵی پێغەمبەران، ئەمرمان پێ کراوە، بەگوێرەی ئاستی عەقڵ و دەرکی خەڵك، قسەیان بۆ بکەین.
**
بێگومان، پارتی، گەورەترین و کاریگەرترین حزبی باشووری کوردستانە. لە دوای "31 ی ئابی 1996"ەوە، بە کردەوە، پارتی ئیدارە و حکوومەتی ھەرێم بەڕێوە دەبات و ناوەند و دامەزراوە نیشتیمانییەکان و بڕیارە سەرەکی و نەتەوەییەکانی گرتووەتە دەستی خۆی.

ئێستە، با ھەموو خوێنەرێکی ئەم کورتە نووسینە و ھەر کەسێك کە خەمی سیاسی و گشتیی ھەیە، لە خۆی بپرسێت: ئایا ئەو چی دەوێت و دەیەوێ ئەم وڵات و نەتەوەیە بەرەو کوێ بڕوات و ئایندەکەی چۆن بێت؟

دواتر، لە خۆی بپرسێت: ئایا ئەکرێ و بە عەقڵا ئەچێت، پارتی، کە حووکمی ھەرێم ئەکا، نەناسیت، بەڵام بتوانیت پارتی تێپەڕێنیت و سەرمەشقی گۆڕانکاری بیت و سەرکردایەتیی ئەم نەتەوەیە بکەیت بەرە و قۆناغ و ئایندەیەکی باشتر بۆ وڵات و نەتەوە؟

بە لای کەمەوە، لە کۆبوونەوەی پێنج قۆڵی* بەدواوە، کە لەوێدا، سەرکردایەتیی حیزبەکان، لە دانیشتنی درێژ و پڕ گفتوگۆ، دیدی خۆیان، بۆ رێکخستنەوەی ھەرێم و ئایندەی حوکمڕانییەکەی ئەخستە روو، من ئیتر تێگەیشتم، یەکەم: تەواوی حزبەکانی کوردستان، پارتی ناناسن! دووەم: تێگەیشتم، لە ناو حزبەکانی کوردستان، تەنھا پارتی دیدگای روونە و دەزانێ چی دەوێت! (ھەڵبەت من خۆم، دژی دیدگا و ئەوەم کە پارتی ئەیەوێ)..

جا ئێستا لە خۆت بپرسە: ئایا کۆمەڵێك حزب و گرووپی جیاجیا، کە پارتی ناناسن، چۆن ئەتوانن، پارتی تێپەڕێنن و حوکم و دەسەڵات لە پارتی وەرگرن و ئەزموونێکی باشتر و چاکتر، دامەزرێنن؟


نەناسینی پارتی و نەبونی ھیچ دیدگایەكی سیاسیی راستەقینە و رۆشن، لای حزبەکانی تر، ھەموویانی خستووەتە دۆخی کاردانەوەی بەردەوام بۆ ئەو جوڵە و کارانەی پارتی دەیکات. وەك بەرئەنجامێکی نەناسینی پارتی، حزبەکانی تر و نوخبەی سیاسی، نازانن لە کوردستان و عێراق و ناوچەکە، چی رودەدات و چی دەگوزەرێ! لە نەبوونی گوتارێکی تۆکمە و دیدگایەکی رۆشن، حزبەکانی تر، بە تایبەتی، پۆپۆلیستەکان، ھەمیشە و بەردەوام درۆ لەگەڵ رای گشتی و ئەو خەڵکە دەکەن کە پشتیوانیان دەکەن. بە جۆرێك، گرووپە پۆپۆلیستەکان، بوونەتە پیشەسازیی بەرھەمھێنانی درۆ و ھەمیشە و بەردەوام کێشە و لێکەوتەکانی درۆیەك بە درۆیەکی تر چارەسەر ئەکەن.

جێگەی داخە، نەبوونی ھۆشیارییەکی باڵا و رەخنەگرانە، لای رای گشتی، ھەلومەرجێکی نەرێنى ئەوتۆی بەرھەمھێناوە، کە ئەگەر کەسانێك، کۆمەڵێك راستیش بزانن، نەتوانن باسی بکەن و رای گشتی لێ ئاگادار بکەنەوە. چونکە، گوتنی راستی، کە لە ئاستی عەقڵ و دەرکی ئەو 'خەڵک'ە زیاتر بوو، بە خراپ بەسەر راستگۆکاندا دەشکێتەوە. ھەڵبەت ئەوەی باجی نەگوتنی، راستی دەدات، نەتەوە و خەڵكن، کە زۆر گرنگە ھەمیشە لە راستییەکان ئاگادار بکرێنەوە و بزانن لە وڵات و دەورووبەر چی دەگوزەرێ و چی روودەدات!

من، لەم کورتە نوسینە، سەرکێشی دەکەم و چەند راستییەك دەڵێم، کە رەنگە بۆ کەسانێکی زۆر ھەواڵی خۆش نەبن. بەڵام، بێگومان، بۆ کەسانی جدی، کلیلی تێگەیشتن و چرای رۆشنکەرەوەی زۆر بابەت و رووداوی گرنگی وڵات و ناوچەکەن.

یەکێك لە ھاوڕێ ھەرە نزیکەکانم، لە پەرلەمانی عێراق، کە ژیانی سیاسیی خۆی، بۆ دژایەتیی پارتی تەرخان کردووە، "بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانیی سیاسی، لە دەنگی ئۆپۆزیسیۆن و ناڕازی لە کوردستان "، چەند سەردان و دیدەنیی سیاسیی لەگەڵ کۆمەڵێك حزب و سەرکردە سیاسییە گرنگەکانی بەغدا کرد. باسی ھەڵوێستی زۆربەی ھەرە زۆریانی لە زمانی بەڕێز ھادی عامرییەوە بۆ کردم، کە بە کورتی ئەمەیە:
"کاکە گیان، ئەبو مەسروور، ھاوڕێی دێرینی ئێمەیە! ئێوە کێن و لە کوێوە ھاتوون، تا بۆ خاتری ئێوە ئەبو مەسروور لە خۆمان نیگەران بکەین"!

کاتێك کە من چومە پەرلەمانی عێراق، لە کوردستان، کەسانێکی زۆر رەخنەیان دەگرت، گوایە، جگە لە پارتی و یەکێتی، کەس نییە لە بەغدا، سەربەخۆ و بە دیدگایەکی جیاوازەوە، پێوەندیی سیاسی دامەزرێنێ و ھەوڵ بدات، ئەلتەرناتیڤی سیاسی لە بەغدا پێش بخات. من، وەك سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ھەرێم و پارتی و یەکێتی، سێ ساڵی تەواو، کارمان کرد، بۆ ئەوەی لە دەرەوەی پەرلەمان، لەگەڵ ئەوانەی کە خاوەنی راستەقینەی بڕیارن، پێوەندى دروست بکەین، بەڵام کەسیان تەنانەت نەیانوێرا، لەگەڵمان دانیشن. دواتر، دۆستێك بۆی باسکردم و گوتی: برادەران گوتویانە، ناتوانین لەگەڵ رابوون مەعرووف دانیشین و پێوەندى دروست بکەین، چونکە ئەگەر ئەوە بکەین، ئەبو مەسروور لێمان نیگەران دەبێت!

لە بۆنەیەك، ئێمە پەرلەمانتارەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی، لە بەغدا، گفتوگۆمان ئەکرد. باسی ئەوە دەکرا، کە ھۆکار چییە، پارتی بە ئاشکرا دژی عێراقچێتییە و ریفراندۆمی بۆ جیاکردنەوەی کوردستان کردووە و راگەیاندنەکانی پارتی بوونەتە سەکۆى دژایەتیکردنی ئینتیمای عێراقی، بەڵام لە بەغدا پێوەندییەکانى پارتی باشترن و زیاتر گوێ لە پارتی دەگرن و زیاتر بایەخ بە پارتی ئەدەن؟
قسەی زۆر کرا، بەڵام بێگومان، ھیچ وەڵام و تێگەیشتنێكی راستەقینە بۆ ئەو پرسیارە نەبوو! یەکێك لە ئامادەبووان، گوتی: بەڕاستی پارتی شانسی ھەیە!

جا، تۆ کە ئەم گوتارە دەخوێنیتەوە، ئەگەر پێتوایە، پارتی شانسی ھەیە و باڵادەستی پارتی لە باشووری کوردستان، بۆ شانس ئەگەڕێتەوە، نە لەشت و نە مێشکت ماندوو مەکە و بیری لێمەکەرەوە، چونکە ئەگەر بابەتەکە، بە شانس بێت، تۆ ناتوانیت ھیچ بگۆڕیت!

بێگومان ھۆکارەکانی باڵادەستی پارتی، بۆ شانس ناگەڕێنەوە! باڵا دەستی پارتی، ھۆکاری مێژوویی و فیکری و سیاسیی ئەوتۆی لە پشتە، کە تا ئەو ھۆکارانە نەزانین و بە قووڵی و بە وردی، پارتی نەناسین، نە دەتوانین پارتی تێپەڕێنین و نە دەتوانین ئەلتەرناتیڤی باشتر لە پارتی پێشکەش بکەین.

ئایا، من خۆم، پارتی ئەناسم و ئەو ھۆکارانە دەرك دەکەم، کە پارتی کردووە بە حزبی باڵا دەست و رابەری بزووتنەوەی کوردایەتی؟ بێگومان بەڵێ!
ئەی کوا نووسینەکان و بابەتەکان، سەبارەت بە وەڵامی ئەو پرسیارە بنەڕەتی و گرنگە؟
ئێستا، دووبارە، سەیری فەرموودەکەى پێغەمبەر بکە، کە لە سەرەتای ئەم نووسینە نووسراوە!

سەرنجەکان:
*ئەو فەرموودەیە، بە فۆرم و گێڕانەوەی جیاجیا، لە سەرچاوەکانی سونە و شیعە ھەیە و بۆچوونی جیاجیای لەسەرە. 
*کۆبوونەوەی پێنج قۆڵی، دوای سەرھەڵدانی کێشەکانی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان، لەسەر دۆسیەى سەرۆکایەتیی ھەرێم، لە نێوان، پارتی، یەکێتی، گۆڕان، یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری، دەکران. لەو کۆبوونەوانە، من و ھاوڕێیەکی تر، نوێنەرایەتی گۆڕانمان دەکرد.


وشە - پۆڵا مەحموود