بەهۆی رێگریكردن لە دەرچوونی ئاو لە سپیڵ وەی پۆندێكی ئاو، خەریك بوو كارەسات لە ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان روو بدات.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سەرچاوەكانی ئاو بڵاوی كردووەتەوە، بەداخەوە بە هۆی دەستدرێژی و بێڕێزیی چەند هاووڵاتییەك بە پڕۆژەیەك كە بۆ خزمەتی خۆیان دروست كراوە لە بودجە و پارەی ئەم وڵاتە، خەریك بوو كارەساتێك بنێنەوە.
باس لەوەش كراوە، ئەو كەسانە هەستاون بە داخستن و پڕكردنەوەی رێژگەی سپیڵ وەی، ئەو رێڕەوە ئاوییەی كە دروست كراوە تا لە كاتی لافاو یان پڕبوونی پۆندەكە، ئاوە زیادەكە لە رێی ئەو رێڕەوەوە بڕوات و گوشار لەسەر پۆندەكە دروست نەبێت، ئەو هاووڵاتییانە ئەو رێڕەوەیان بە ئەنقەست داخستووە.
بەپێی بەدواداچوونی "وشە" ئەو كارە لە سنووری گەرمیان ئەنجام دراوە و پێشتر چەندان جار ئەو هاووڵاتییانە ئاگاداركراونەتەوە ئەو كارە نەكەن، تەنانەت لەڕێی دادگا و ئیدارەی ناوچەكەش ئاگادار كراونەتەوە، بەڵام پابەند نەبوونە.
ئەگەر هەر پۆند و بەنداوێك زیاتر لە خۆی ئاوی تێدا گل بدرێتەوە، ئەوا لەڕێی دەرچەی یارمەتیدەر یان "سپیڵ وەی" ئەو ئاوە هەڵدەداتەوە دەرەوە، بەڵام لەو پۆندە ئەو بەشەی گیراوە، بۆیە مەترسی لەسەر پۆندەكە و دانیشتووانی چەند گوندێك دروست بووبوو و لە ئەگەری تەقینی، ئەوا لافاوێكی گەورە دروست دەبوو.