ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە غەزە تاوانەكانی ئیسرائیل پێشان دەدەن یونسكۆ خەڵاتیان دەكات

:: AM:09:32:04/05/2024 ‌
خەڵاتی جیهانی ئازادی ڕاگەیاندنی گویلێرمۆ كانۆ كە لە ساڵی 1997ەوە لەلایەن ڕێكخراوی پەروەردە، زانست و كولتووری نەتەوە یەكگرتووەكان یونسكۆ دابەش دەكرێت، ئەمساڵ بەخشرایە ئەو ڕۆژنامەنووسە فەلەستینییانەی لە غەزە تاوانەكانی ئیسرائیل تۆمار دەكەن و بە دنیای پێشان دەدەن.

یونسكۆ لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاوی كردەوە، دەستەی داوەری كە پێكهاتوون لەو شارەزا نێودەوڵەتییانەی میدیا، لە چوارچێوەی كۆنفرانسی جیهانی ئازادی ڕاگەیاندن لە ڕۆژانی دوو تا چواری ئایار لە شاری سانتیاگۆی شیلی ساز دەكرێت دیاری كراون، ڕۆژنامەنووسانی فەلەستینییان لە غەزە بە شایستەی ئەم خەڵاتە دانا.

لە ڕاگەیەنراوەكەدا لێدوانی ماوریسیۆ بیبیل سەرۆكی دەستەی داوەری خراوەتەڕوو كە ئاماژە بەوە دەكات، ویستوویانە لە كاتە تاریك و بێ ئومێدەكاندا، پەیامێكی هاودەنگیی بەهێز و دەستخۆشی لەگەڵ ڕۆژنامەنووسانی فەلەستینی بەش بكەن، كە لە هەلومەرجێكی وا سەختدا دۆخی غەزە دەگوازنەوە بۆ دنیا.

بەڕێوەبەری گشتیی یونسكۆ ئاودری ئازۆولای ئاماژەی بەوە كرد، خوازیارن هەموو ساڵێك بە خەڵاتی گویلێرمۆ كانۆ ئەو ڕۆژنامەنووسانە شەرەفمەند بكەن كە بوێرانە لە هەلومەرجە سەخت و مەترسیدارەكاندا كار دەكەن.

بەڕێوەبەری گشتیی یونسكۆ ڕای گەیاند، خەڵاتەكە ئەمساڵ گرنگیی كاری بەكۆمەڵمان بیر دەخاتەوە بۆ دڵنیابوون لەوەی كە ڕۆژنامەنووسان لە سەرانسەری دنیادا دەتوانن بەردەوام بن لەسەر كارەكانیان.



وشە - سۆران عەزیز