سبەی لەسەر گڵكۆی سەڵاح داودە بەشانۆیەك یادی دەكرێتەوە

:: PM:01:20:04/05/2024 ‌
رۆژی یەكشەم 24 ی ئایار سەعات پێنجی ئێوارە، كۆمەڵەی هونەر و وێژەی كوردی/ لقی كەركووك،  لەسەر گڵكۆی هونەرمەند سەڵاح داودە، شانۆگەریی "چریكەی سەڵاح داودە" نمایش دەكات.

لقی كەركووكی كۆمەڵەی هونەر و وێژەی كوردی لە بانگێشتنامەیەكیدا ڕای گەیاند، سبەی یەكشەم 24ی ئایار، لەسەر گڵكۆی هونەرمەند سەڵاح داودە، شانۆگەریی "چریكەی سەڵاح داودە، لە نمایشكردنی حاجی كەریم و دانیاڵ كەركووكی نمایش دەكات.

سەڵاح داودە لە ساڵی 1941 لە شارەدێی قەرەحەسەنی سەربە كەركووك لە دایك بووە، لە ساڵی 1965 لەگەڵ بنەماڵەكەی دەچنە كەركووك و تا كۆتایی ژیانی ھەر لەو شارە دەمێنێتەوە.

 بنەماڵەی داودە مەقامبێژ و موزیكژەن بوون، باوكی بەناوی محەمەد و باپیری خدر بارام گۆرانیبێژ و مەقامبێژ بوون، بۆیە داودە لە تەمەنی 12 ساڵییەوە لەگەڵ باوك و باپیری لە كۆڕی گۆرانیبێژەكاندا ئاشنای مەقام و گۆرانییە كوردییەكان بووە.

لە پەنجاكانی سەدەی بیستەم لەگەڵ ئەحمەد داودە چوون بۆ ڕادیۆی كوردیی بەغدا. لە ڕایۆی بەغدا خۆی بە عەلی مەردان ناساندووە و چەند گۆرانییەكی وەك زاڵم، نایلۆنە، ناوێرم تۆمار كردووە و لە ماوەیەكی كورتدا لە ناو خەڵك ناوبانگی دەركرد.

سەڵاح داودە لە خوێندنی مەقامە كوردییەكانی ناوچەی گەرمیان وەك قەتار، خاوكەر، ئەڵاوەیسی، ئای ئای و خورشیدی زۆر شارەزا بوو. ھەروەھا مەقامە ڕۆژھەڵاتییەكانی  وەك بەیات، حیجاز، سەبا، سێگا، ڕاست، چوارگا، نەھاوەند و ئورفەی بە باشی خوێندووە.

سەڵاح داودە ئەگەرچی تەواوی ژیانی بە ھەژاریی بەسەر برد، بەڵام ئامادە نەبوو گۆرانی بەباڵای ڕژێمی سەدام یان سروودی حەماسی بۆ شەڕی ئێران و عێراق بڵێت.

لە هەشتی ئایاری 2009 ئاھەنگێك بە بۆنەی یەكەمین ساڵیادی دامەزراندنی ناوەندی عەلی مەردان بۆ مەقام بەڕێوەچوو، سەڵاح داودە مەقامی "خاوكەر"ی تێدا گوت، بەڵام بە دوای ھاتنە خوارەوەی لەسەر تەختەی شانۆ لە ناكاو باری تەندروستی تێكچوو و بەپەلە گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی ئازادیی كەركووك. سەڵاح داودە لە هەمان رۆژ لە سەعات هەشتی ئێوارە كۆچی دوایی كرد.



وشە - سۆران عەزیز