گرتەی رووتی فیلمەكانی هۆڵیوود لە ساڵی 2000وە 40% كەمی كردووە

:: AM:09:18:05/05/2024 ‌
بەپێی توێژینەوەیەكی ئەمەریكی كە تایبەت بۆ فیلمەكانی هۆڵیوود كراوە و لەوەش زیاتر بۆ گرتە سێكسییەكانی فیلمەكان لەڕووی داهاتەوە كراوە. دەركەوتووە لە ساڵی 2000ـەوە تا ساڵی 2023، ئاستی داهاتی ئەو فیلمانەی زیاتر گرتەی سێكسییان تێدایە، 40% كەمی كردووەتەوە.

پێگەی "ئیلاف" ئەمڕۆ یەكشەم پێنجی ئایار بڵاوی كردووەتەوە، ئەو توێژینەوەیە لە رۆژنامەی "نیویۆرك پۆست" كەوتووەتەبەر رۆشناییەوە و پیشەوەرانی بواری سینەما پێیان وایە، ئێستە بینەری فیلمەكانی هۆڵیوود زیاتر بەدوای فیلمی "جاد- پاك" دەگەڕین، نەك بەدوای گرتە سێكسییەكان كە پێشتر پسپۆرانی بوارەكە پێیان وابوو بەهۆی گرتە سێكسییەكان، داهاتی فیلمەكانیان زیاتر دەبێت.

لە توێژینەوەكەدا هاتووە، پێدەچێ ئێستە وەك جاران سێكس لەناو فیلمدا لەڕووی داهاتەوە سوودمەند نەبێت، بەتایبەتی لە دنیای هۆڵیوود، بۆیە دەبینرێت گرتە سێكسییەكان لە فیلمەكانی هۆڵیوود لە 2000وە تا ئێستە 40% كەمی كردووە. چونكە بینەری ئێستەی هۆڵیوود بەلایانەوە گرنگ نییە پێست بەر بە پێست بكەوێت، بەڵكو زۆربەیان بەدوای فیلمی "جاد- پاك"دا دەگەڕێن.

بەپێی توێژینەوەكە، لە ساڵی 2000وە تا 2023، گرتە گەرمەكانی سێكس لە فیلمەكانی زۆر كەمی كردووە و بەپێی گۆڤاری "ئیكۆنۆمیست" كە توێژینەوەی لەسەر 250 فیلم كردووە كە زۆرترین داهاتیان هەبووە، دەركەوتووە لەناو ئەو فیلمانە گرتە سێكسییەكان 40% كەمی كردووە، بۆیە دەركەوتووە پسپۆرانی بوارەكە گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی باشترە ئەو جۆرە گرتانە لە فیلمەكانیان كەمتر بكەنەوە.

ئاماژە دراوە كە لەناو ئەو 250 فیلمانەی توێژینەوەكەیان لەسەر كراوە، زۆربەیان بەهیچ شێوەیەك گرتەی سێكسییان تێدا نییە، لە كاتێكدا لەڕووی داهاتەوە سوودمەند بوون كە 46%ی فیلمەكان بوون، بۆیە پێیان وایە بینەری ئێستە بەزۆری بەدوای فیلمە پاكەكاندا دەگەڕێن و زیاتر چێژیان لێ دەبینن.

دواتریش ئاماژە بەوە دراوە كە نەوەی ئێستە مەبەستی نییە لەناو فیلمەكانی هۆڵیووددا گرتەی سێكسی ببینێت، چونكە لەڕێی ئینتەرنێتەوە فیلمی رووتی سێكسیی دەست دەكەوێت، بۆیە ئێستە بەرهەمهێنەری فیلم لە هۆڵیوود، زیاتر بایەخ بە فیلمە "جاد- پاكەكان" دەدەن.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د