سوودانی لەبارەی قاچاخی هێلكە لە باشماخ و پەروێز خان هۆشداری بە بێگەرد تاڵەبانی دا

:: PM:11:25:05/05/2024 ‌
لە كۆبوونەوەی نێوان هەردوو وەزیرى كشتوكاڵی عێراق و هەرێمدا، سوودانی هۆشداری داوە بە بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم، "ئەگەر قاچاخچێتی هێلكە لە باشماخ و پەروێزخان كۆنترۆڵ نەكرێت، ئەوا زیانێكی گەورە بەر خاوەنی كێڵگەكان دەكەوێت لە هەرێم و تەواوی عێراقدا و تەواوی پڕۆژەكان بەرەو مایەپووچ بوون دەچن."

ئەمڕۆ یەكشەم، پێنجی ئایاری 2024، كۆبوونەوەیەكی بەرفراوان لە نێوان هەردوو وەزارەتی كشتوكاڵی حكوومەتی هەرێم و عێراقدا ئەنجامدرا بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق و فراكسیۆنەكانی "پارتی، یەكێتی، كۆمەڵ، یەكگرتوو" كە كۆمەڵێك بابەتی پێوەندار و كێشەی دوو لایەنە خرانە بەر باس. 

مەریوان قەرەنی جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان كە ئامادەی كۆبوونەوەکە بوو لەبارەی كۆبوونەوەكە رای گەیاند، شاندی هەرێمی كوردستان داوای زیاد كردنی رێژەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی لە حكوومەتی فیدراڵ كردووە، لەبەرانبەریشدا سەرۆك وەزیرانی عێراق داوای كردووە كە ئەو رووپێوییەی لە نێوان هەردوو حكوومەتدا هەیە بكرێتە بنەما بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران. 

لەبارەی كێشەی كێڵگە پەلەوەرییەكان و قاچاخچیەتی هێلكەوە لە دەروازە سنوورییەكانی "باشماخ و پەروێزخان" قەرەنی ئاشكرای كردووە كە، سەرۆك وەزیرانی عێراق بە شاندەكەی گوتووە، بەهۆی قاچاخچێتییەوە زیانێكی زۆر بەر خاوەنی ئەو كێڵگانە كەوتووە كە لە تەواوی عێراق و هەرێمی كوردستاندا هەن و راستەوخۆ هەردوو دەروازەی "باشماخ و پەروێزخان"ی تۆمەتبار كرد بەوەی كە قاچاخییەكی زۆریان لێوە دەكرێت.

لای خۆشیەوە سۆران عومەر جێگری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كە یەكێكی تر بوو لە ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە، لەبارەی كۆبوونەوەكە لە فەیسبووكی خۆی بڵاوی كردووەتەوە، سەرۆك وەزیرانی عێراق داوای لە بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵی هەرێم كردووە، هاوردەی قاچاخی هێلكە لە هەردوو مەرزی باشماخ و پەروێزخان رابگرن، چونكە پڕۆژەی كێڵگە پەلەوەرییەكانی عێراق و هەرێمیش بەرە و مایەپووچ بوون دەبات. 

جێگەی ئاماژەیە، 30ی مانگی رابردوو خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكان لە هەولێر لەبەردەم كۆشكی سپی "مەكتەبی سیاسیی یەکێتیى نیشتمانیی کوردستان" خۆپێشاندانیان كرد و داوایان كرد ئەو قاچاخچێتییەی لە سنووری یەكێتی هەیە قەدەغە بكرێت، دڵشاد بێتواتەیی خاوەن كێڵگەی پەلەوەر لەكاتی خۆپێشاندانەكە بە "وشە"ی راگەیاند، لە سنووری یەكێتی ڕێ نەدرا بۆ مافی خۆمان خۆپێشاندان بكەین، بۆیە بە نوێنەرایەتی و خاوەن و كرێكارانی فرۆشتنی هێلكەی خواردن، لە ڕێی كەركووك نزیك كۆشكی سپی، خۆپێشاندان دەكەین دژی هاتنی قاچاخی هێلكە.


وشە - پۆڵا مەحموود