دژی گرتن و ڕاوەدوونانی چالاكانی مەدەنی و سیاسی هاووڵاتییانی عاموودا رژانە سەر شەقام

:: AM:10:23:07/05/2024 ‌
لەسەر داوای پارتی یەكێتیی كوردستانی سووریا و بە بەشداریی بەشێك لە ئەندامانی سەركردایەتی ئەو حزبە، خۆپێشاندانێكی جەماوەری لە عاموودای رۆژئاوای كوردستان بەڕێوە چوو، بەشدارانی خۆپێشاندانەكە داوای ئازادكردنی ئەندامێكی ئەو ڕێكخراوەیان لە پەیەدە كرد.

ئێوارەی دوێنێ دووشەم شەشی ئایار، بەشێك لە هاووڵاتییانی عاموودا دژی گرتن و ڕاوەدوونانی چالاكوانانی مەدەنی و سیاسی، بە دروشمی " داواكارین چارەنووسی سەرجەم زیندانیانی سیاسی ئاشكرا بكرێت" خۆپێشاندانیان كرد.

خۆپێشاندەران ئاڵای كوردستان و وێنەی گیراوی سیاسی ناسر ژارۆیان بەرز كردبووەوە، لە خۆپێشاندانەكەدا زەكیە ڕەسووڵ ئەندامی دەستەی سیاسیی پارتی یەكێتی، لە گوتارێكدا داوای ئازادكردنی ناسر ژارۆ و سەرجەم زیندانیانی سیاسیی كرد، دووپاتی لە كۆتاهێنان بەگرتنی چالاكان و سیاسەتمەداران كردەوە.

سلێمان ئۆسۆ جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد، لە بەیاننامەیەكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك، داوای لە هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگە كرد كە بەشداریی خۆپێشاندانەكان بكەن و ڕای گەیاند، "داوا لە سەرجەم چین و توێژەكانی كۆمەڵگە دەكەم كە بەشێوەیەكی چالاك، بەشدار بن لە خۆپێشاندانەكاندا دژی ئەو گرتن و ڕاوەدوونانەی بەپلان دژ بەهێزە سیاسییەكانی تر لە رۆژئاوای كوردستان دەكرێت.

پەیەدە لە 21ی نیساندا ناسر ژارۆیان لە كاتێكدا ڕفاند كە لە گوندەكەی خۆی لە سنووری عاموودا، بەرەو سەنتەری شار دەگەڕایەوە، لەو كاتەوە چارەنووسی نادیارە. تۆڕی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ لە بەیاننامەیەكدا ڕای گەیاند، ترسی ئەوەیان هەیە كە ناسر ژارۆ ئەشكەنجە بدرێت.



وشە - سۆران عەزیز