دادگای فیدراڵی هەڵبژاردنی ڕاگرت

:: PM:03:10:07/05/2024 ‌
سكاڵاكەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر بڕیارێكی دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی هەڵبژاردنی كوردستان، جێی خۆی گرت و دادگاكە بڕیاری دا ڕێكارەكانی جێبەجێكردنی ڕابگرێت.

دوای ئەوەی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سکاڵایەکی بەرز كردەوە، ئەمڕۆ سێشەم، 7ـی ئایار، دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق، داوای ڕاگرتنی ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی بڕگەی دووەم/ مادەی دوو/ سیستەمی دوو لە تۆمارکردنی بەربژێران و پەسەندکردنیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 7ـی ساڵی 2024ـی دا.

وەك لە نووسراوەكەدا هاتووە، دادگای فیدراڵی بە سەرۆكایەتیی دادوەر جاسم محەمەد عەبوود و ئەندامێتیی ئەندامانی دادگا لەسەر سكاڵای مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێی دادوەرەكەی ئەیاد ئیسماعیل محەمەدەوە لە دژی بڕیاری سەرۆكی ئەنجوومەنی كۆمیسیاران لە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لەبارەی چەند بڕگەیەكی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستانەوە بڕیار درا بە ڕاگرتنی جێبەجێكردنی بڕگەی دوو لە ماددەی دوو لە سیستەمی لیستی پاڵێوراوان كە پەرلەمانی كوردستان بەپێی بڕیاری ژمارە حەوت پەسەندی كردووە.

لە سكاڵاكەی سەرۆكی حكوومەتدا هاتووە كە مادەی دوو لە سیستەمی تۆماركردنی لیستی پاڵێوراوان نادەستوورییە كە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان كراوە بە 100 كورسی بەپێی دابەشی شارەكان: هەولێر 34 كورسی، سلێمانی 38 كورسی، دهۆك 25 كورسی و هەڵەبجە 3 كۆرسی، هۆكاری نادەستوورییەكەش ئەوەیە كە پۆلێنەكە بەپێی ژمارەی دەنگدەران دانراوە نەوەك بەپێی ژمارەی دانیشتوانی هەرێم كە ئەمەش پێچەوانەی دەستوورە بەپێی مادەی 49/ بڕگەی یەک كە لەو بڕگەیەدا مافی هەموو نەتەوە و ئایینەكان بە شێوەی كۆتا دراوە، ئەمەش بە مادەی 15ی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنەكانی پارێزگا و قەزاكان بە ژمارە 12ی ساڵی 2018 كە بە مادەی 9ی یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2023 هەموار كراوەتەوە.


وشە - عەبدوڵا عومەر