شاڵاو دەیەوێ بە دەستێكی بەتاڵ خۆی لە بافڵ نزیك بكاتەوە

:: PM:04:17:07/05/2024 ‌
دوای ئەوەی دادگای  فیدراڵی ددانی بەوە نا كە دەبێت پێداچوونەوە بە بڕیارەكان بچێتەوە كە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان داویەتی، ئێستە شاڵاو كۆسرەت وەك خۆ نزیككردنەوەیەكی لە بافڵ دەڵێت، سكاڵا تۆمار دەكەم.

دوای ئەوەی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی یاسا سەروەر بێت، سكاڵایەكی لەسەر بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی تۆمار كرد، ئەویش بڕیاری دا سەرجەم كارەكانی كۆمسیۆن رابگرێت، ئێستە بەرپرسانی یەكێتی دەستیان بە هەوڵێكی بێ‌ ئەنجام كردووە.

ئەمڕۆ سێشەم حەوتی ئایار، شادان سابیر پارێزەر و راوێژكاری یاسایی، بە "وشە"ـی راگەیاند، بۆ یەكلاكردنەوەی هەر بابەتێك سكاڵا تۆمار دەكرێت و دادگا تا بڕیار نەدات، سكاڵا لەسەر سكاڵا وەرناگرێت، چونكە ئەوە دادگای فیدراڵییە نەك دادگای كار و دادگای كێشەی كۆمەڵایەتی.

زیاتر گوتی، هیچ سكاڵایەك وەرناگیرێت، ئەوەی دەكرێ‌ هەوڵێكی بێ‌ ئەنجامە، تەنیا خۆ نزیكردنەوە و خۆ شیرینكردنی بەرپرسانە لە سەرووی خۆیان.

باسی لەوەش كرد، دوای ئەوەی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سكاڵایەكی بەرز كردەوە، ئەمڕۆ سێشەم حەوتی ئایار، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، داوای ڕاگرتنی ڕێكارەكانی جێبەجێكردنی بڕگەی دووەم/ مادەی دوو/ سیستمی دوو لە تۆماركردنی بەربژێران و پەسندكردنیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە حەوتی ساڵی 2024ـی دا، ئەوە بەڵگەیە كە بەڵێ‌ پێشێلكاری هەبووە لە بڕیارەكان، ئیتر ئەو سكاڵایانەی تر بەتاڵ دەبنەوە، ئەو بابەتە یەكلا بووەوە كە پێشێلكاری هەیە.

هاووڵاتییانیش لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بۆ هەواڵەكەی شاڵاو لە میدیاكانی یەكێتی، لە كۆمێنت نووسیویانە، بڕۆ دۆسیەی حەوێزییەكان یەكلا بكەرەوە كە خەریك بوو لە حزبەكە دەربكرێیت، واز لە شەڕە سیاسییەكان بهێنە.

یەكێكی تر بۆ نووسیوە، ژمارەی لیستەكەت بۆ یادگاری هەڵبگرە و بووی بە ڕابردوو، یەكێكی تریش بۆی نووسیوە چەند هەڵوێستت هەبوو لەو زوڵمانە لە رابردوو لەلایەن عێراقەوە لە كورد كرا، ئێستە بۆ ئاژاوە هەڵوێستت نەبێت باشترە، هەڵوێستی تۆیش ناگاتە قەرەهەنجیر و لە بافڵ نزیك نابیتەوە.
 



وشە - رامیار جەواد