بۆچی ئیسرائیل ئاگربەستی لەگەڵ حەماس رەت كردەوە؟

:: PM:07:58:07/05/2024 ‌

دوێنێ دوای ئەوەی هاتە راگەیاندن كە بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی بە پڕۆژەیەكی ئەمەریكا و میسر و قەتەر بۆ وەستانی شەڕی غەزە رازی بووە، ئیسرائیل پڕۆژەكەی رەت كردەوە و دەستی بە هێرشكردنە سەر شاری رەفەح كرد، ئەوەش بە پاساوی ئەوەی پڕۆژەكە لە بەرژەوەندیی تەلئەبیبدا نییە و لە مەرجەكانی ئیسرائیل دوورە.

ئەمڕۆ سێشەم بنیامین نەتنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل هێرشی سوپای وڵاتەكەی بۆ سەر رەفەح بە هەنگاوێكی زۆر گرنگ بۆ لێكهەڵوەشاندنەوەی حەماس و لەناوبردنی توانا سەربازییەكانی وەسف كرد، لە رێگەی لەناوبردنی ئەو چوار كەتیبەی حەماس لە شارەكە هەن، دووپاتی كردەوە كە ئیسرائیل رێگە بە گەڕانەوەی دەسەڵاتی حەماس بۆ كەرتی غەزە نادات، ئێستە هێزەكانمان ئاڵای ئیسرائیلیان لە شوێنی ئاڵای حەماس لەسەر دەروازەكە هەڵكردووە.

لەوكاتەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دووپاتی كردەوە كە هێرشەكەی رەفەح تا لەناوبردنی حەماس یان تا كاتی گەڕانەوەی یەكەم بارمتەی ئیسرائیلی بەردەوام دەبێت، بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەڵێن، ئەو پڕۆژە و خاڵانەی حەماس لەسەری رازی بووە، ئەوە نییە كە بۆ ئیسرائیل خراوەتە روو.

وەك رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكی باسی كردووە، ئەوەی دوێنێ رووی دا ئەو بێمتمانەییەی دەرخست كە چەند رۆژێكە باسی دەكرێت، بەوەی بەرپرسانی هەردوولا لە گفتوگۆكانیان كە چەند مانگێكە بەردەوامە بە بنبەست گەیشتوون، لەوكاتەی هەریەك لە ئیسرائیل و ئەمەریكا رایان گەیاند كە تاوتوێی ئەو پێشنیازە دەكەن كە حەماس لەسەری رازی بووە، بەڵام لێدوانی راگەیەندراوی حەماس و تەلئەبیب ئاماژەیە بۆ ئەوەی تا ئێستە ئەوان لەبارەی پرسە سەرەكییەكان و پێویست بۆ گەیشتن بە ئاگربەست ناكۆكن، گرنگترین خاڵە ناكۆكەكانی نێوان هەردوولا بریتین لە:

*حەماس ئاگربەستێكی بەردەوام و یەكجاری دەوێت، لەوكاتەی ئیسرائیل دەیەوێ كاتی بێت، واتە دوای ئەوە دەست بە هێرشەكانی دەكاتەوە بۆ لەناوبردنی حەماس لە كەرتی غەزە، لەوكاتەی حەماس باس لە ئاگربەستێكی بەردەوام و مانەوەی لە دەسەڵات لە غەزە دەكات.

*حەماس داوا دەكات ئیسرائیل تەواوی هێزەكانی پاشەكشە پێ بكات، كەچی ئیسرائیل پێی وایە پێویستە لە رووی تەناهییەوە كۆنترۆڵی غەزەی بەدەست بێت، ئیسرائیل داوا دەكات هەر 33 بارمتەی لە پێشنیازەكە بڕیارە ئازاد بكرێن، زیندوو بن و هەر سێ رۆژ سیانیان ئازاد بكرێن، كەچی حەماس دەیەوێ هەفتانە و دوای سێ رۆژ لە رێككەوتنەكە سێ بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد بكات. 

*حەماس دەیەوێ ئیسرائیل بەڵێن بدات كە لە 16مین رۆژی رێككەوتنەكە گفتوگۆ بۆ كۆتاهێنان بە شەڕ دەست پێ بكات، كە ئیسرائیل ئەوە رەت دەكاتەوە.

دوێنێ شرۆڤەكاران باسی ئەوەیان كرد كە رازیبوونی حەماس بە پێشنیازەكە بۆ ئیسرائیل كتوپڕ بوو، چونكە پاساوی ئیسرائیلی بۆ هێرشكردنە سەر شاری رەفەحی نەهێشت، لەوكاتەی ئیسرائیل دەڵێت ئەو پێشنیازانەی حەماس لەسەری رازی بووە ئەوە نییە كە ئەوان پێشتر بینیویانە، بۆیە رەتی دەكەنەوە، بەپێی ئەو پڕۆژەی باسی دەكرێت و حەماس لەسەری رازی بووە، ئاگربەستەكە بە سێ قۆناغ دەبێت.

یەكەم قۆناغ، وەستانی شەڕ و تەقەكردنە بۆ ماوەی 42 رۆژ، حەماس 33 بارمتەی ئیسرائیلی لە بەرانبەر ئازادكردنی ژمارەیەك گیراوی فەلەستینی لە زیندانەكانی ئیسرائیل ئازاد دەكات، ئیسرائیل بەشێكی هێزەكانی لە كەرتی غەزە دەكشێنێتەوە و رێگە لە ئازادیی جووڵانەوە و هاتوچۆی فەلەستنییەكان لە باشووری غەزە بەرەو باكور دەدرێت.

دووەم قۆناغ، ماوەیەكی تری ئاگربەست و وەستانی شەڕ بۆ ماوەی 42 رۆژ، لەو ماوەیە رێككەوتن بۆ هێوركردنەوەیەكی بەردەوامی دۆخی غەزە دەكرێت، ئەو دەستەواژەش بە رێككەوتنی هەردوولایە بۆ نەچوونە ناو مشتومڕی ئاگربەستێكی هەمیشەیی كە بەیەك ناگەن، پاشەكشەی تەواوی هێزەكانی ئیسرائیل لە غەزە و ئازادكردنی حەماس بۆ ژمارەیەك لە سەربازانی ئیسرائیل لە بەرانبەر بە ئازادكردنی ژمارەیەك دیلی فەلەستینی.

سێیەم قۆناغ، كۆتاهێنان بە ئاڵوگۆڕی تەرمی كوژراوانی هەردوولا و دەستكردن بە ئاوەدانكردنەوەی غەزە بەپێی پلانێك بە سەرپەرشتیی قەتەر و میسر و نەتەوە یەكگرتووەكان، كۆتاهێنان بە گەمارۆی سەر كەرتی غەزە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل