دانەغاز لە سێ مانگی ئەمساڵدا 38 ملیۆن دۆلار لە هەرێمی كوردستان قازانجی كردووە

:: AM:09:44:08/05/2024 ‌
داهاتی كۆمپانیای دانەغاز لە ماوەی سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 97 ملیۆن دۆلار بووە، كۆمپانیاكەش دەڵێت لە هەرێمی كوردستاندا ژمارەی گەورەیان تۆمار كردووە، ئەوەش بەهۆی بەردەوامیی بەرهەمهێنانی غاز بە ئاستی 46.4 ملیۆن مەتر سێجا لە رۆژێكدا.

كۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی لە راگەیەنراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ "وشە" هاتووە و بڵاوی كردەوە، لە چارەكی یەكەمی ساڵی 2024دا داهاتی كۆمپانیای دانەغاز، 97 ملیۆن دۆلار بووە و تەواوی قازانجەكەشی 38 ملیۆن دۆلارە، واتە بەراورد بە قازانجی ساڵی رابردوو 12 ملیۆن دۆلار كەمی كردووە، ئەوەش بەشێوەیەكی سەرەكی دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕانكارییەكانی نرخی نەوت و غاز.

لە رۆژی 26ی نیسان، كۆگەیەكی غاز لە كێڵگەی كۆرمۆری هەرێمی كوردستان لە رێی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانەوە هێرشی كرایە سەر، بەهۆیەوە بەرهەمهێنان ڕاگیرا، لە دوای چەند رۆژێك لە جێبەجێكردنی رێكارەكان لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەرهەمهێنان دەستی پێ كردەوە.

ریچارد هۆڵ سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای دانەغاز دەڵێت، لە هەرێمی كوردستان ژمارەی گەورەیان  تۆمار كردووە و بەرهەمهێنانی غاز بە ئاستی 46.4 ملیۆن مەتر سێجا لە رۆژێكدا بەردەوامە.

ریچارد هۆڵ ئاماژەی بەوەش كردووە، بەرەوپێشچوونێكی باش هەیە لە وەرگرتنی شایستەكانیان لە هەرێمی كوردستان، ئەوەش لە ئەنجامی جێبەجێكردنی میكانیزمێكی پارەدانی نوێ كە لە ساڵی رابردووەوە دەست بە جێبەجێكردنی كراوە.




وشە - سۆران عەزیز