"جارێكی تریش یەكێتی دەستی لە بنی هەمبانەكەوە دەرچوو"

:: PM:09:31:08/05/2024 ‌

یەكێتی ئەو حزبەیە كە هەمیشە لە بەرەی دژ بە كوردستان بووە و لەگەڵ دوژمن و نەیارانی كوردستان دەستی تێكەڵ كردووە، بە ئامانجی دژایەتیی قەوارەی هەرێمی كوردستان و لێدان لە پێگەی حكوومەتی هەرێم كاری كردووە، بەغدای بە دڵسۆز و دۆستی خۆی دەزانێت، كەچی  پشتییان لە یەكێتی كرد و هەڵبژاردنیان دواخست، یەكێتیش ئێستە دەستی لە بنی هەمبانەكەوە دەرچووە و هیچی بۆ نەماوەتەوە.

د. جیهاد حەسەن، ئەندامێكی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، یەكێتی هەمیشە بەو شێوەیە سیاسەتی كردووە كە بەغدا نزیكی ئەوانە و هەمیشە بە باڵای بەغدای هەڵداوە و دادگای فیدراڵی لای ئەو زۆر گرنگە و بە دادگایەكی یەكلاكەرەوەی داناوە، بۆ دادگاكە هەڵدەپەڕی و پێیان وابوو هەموو شتێك كۆتاییەكەی لای ئەو دادگایە، بەڵام ئێستە دەستیان لە بنی هەمبانەكەوە دەرچوو، هەر ئەو دادگایە هەستا بە دواخستن یان راگرتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بۆیە جارێكی تریش یەكێتی تەنیا ئەوەی بۆ مایەوە كە لە بەرەی كورد نامۆتر بن و هیچ شانازییەكیان نەبێت.

باسی لەوەش كرد، یەكێتی زۆر دۆستایەتی لەگەڵ بەغدا هەبوو، بەڵام بەغدا پشتی تێ كرد و دژی ئەوان بڕیاری دا، ئەو حزبە سیاسەتێكی سەرپێیی دەكات، وا دەزانێت ئەگەر لەگەڵ كەس و لایەنێك دانیشتن و بە دەمیانەوە پێكەنین، ئەوانە دەبنە دۆستیان و هەموو شتێك بە دڵی ئەوان دەبێت، دەبێت یەكێتی ئەوە بزانێت ئەگەر لە ناوخۆ رێك بكەوێت و كێشەكان لە ناوخۆ چارەسەر بكرێن لەوە باشترە هەندێك لایەن و كەس بە دڵسۆزی خۆیان بزانن، ئەوان زۆر پشتیان بە بەغدا دەبەست، بەڵام بەغدا و دادگاكەش پشتیان تێی كرد.

لای خۆیەوە رێبوار كەلاری، رۆشنبیر بە "وشە"ی گوت، یەكێتی هیچكات نەیزانیوە سیاسەت بكات، ئەمە كێشەی گەورەی ئەو حزبەیە كە كەسێكی تیادا نییە بزانێت كارێك بكات یان چی باشە و چی بكرێت؟، یەكێتی لە هەموو شتێكدا كە پێوەندی بە ناوخۆی هەرێمی كوردستانەوە هەبووبێت، پەنای بۆ بەغدا بردووە وای دەزانی بەغدا كۆتایی رێگەكەیە و كێشەكان یەكلا دەكاتەوە، لەوكاتەی بەغدا پێش هەموو شتێك دژی كورد و كوردستانە و جیاوازی لە نێوان هیچ لایەنێك ناكات، لەگەڵ كۆمەڵێك دژەكورد دادەنیشتن و وایان دەزانی كە دەبنە دەمڕاستیان و ئەوەی بە دڵی ئەوان بێت دەیكەن و ئەنجامی دەدەن.

ئەو رۆشنبیرە دووپاتی كردەوە، سیاسەتكردن پێكەنین نییە، یەكێتی هیچكات لەگەڵ ئەوە نەبووە لە ناوخۆی هەرێم كێشەكان چارەسەر بكرێن، سیاسەت ئەوەیە بتوانی رێككەوتن بكەیت، راستە سیاسەت بەرژەوەندییە، بەڵام هەموو كات نا، سیاسەت دەبێت رێككەوتن و لێكتێگەیشتن و گفتوگۆ بێت، دادگای فیدراڵی لای یەكێتی زۆر پەسەند بوو، ئەوەتا هەڵبژاردنی راگرت، یەكێتی بە قسە و سیاسەتی رابردووی بێت مادام دادگای فیدراڵی قسەی كردووە، كەواتە ئەوان لەو نێوەندە نابێت هیچ بڵێن، بۆیە ئەوەندەی تر دەركەوت كە یەكێتی حزبێكە لە ناو هەرێم نایەوێ كێشەكان چارەسەر بكرێن و باشترە لە دەرەوە بڕیاریان لەسەر بدرێت.

پێوەست بەو بابەتە سۆران هادی، چاودێری سیاسی بە "وشە"ی راگەیاند، رێككەوتن لە ناوخۆ زۆر باشترە لە دۆستەكانی دەرەوە، چونكە ئەوەی لە دەرەوە بە دوای بەرژەوەندییە، لە ناوخۆ رێك بكەوین باشترە لەوەی كە لە دەرەوە بڕیارمان لەسەر بدرێت، ئێمە دۆستمان نییە و دەبێت خۆمان یەكڕیز و یەكگوتار و یەكبین و دڵسۆزی خاك و نیشتمان بین، هەرێمی كوردستان لەو كاتەی ئێستا تەنیا یەكڕیزی فریای دەكەوێت، هەر لایەنێكیش پێی وا بێت بەغدا باشترە ئەوە هەڵە دەكات، چونكە كورد تەنیا خۆی دڵسۆزی خۆیەتی.

جێگەی ئاماژەیە، یەكێتی كە دەبینێت پارتی ئامادە نییە بەو شێوازە بەشداریی هەڵبژاردن بكات، هەر خۆی بە تەنیا باسی هەڵبژاردنی دەكرد، باسكردنی هەڵبژاردن لای یەكێتی تەنیا خۆنیشاندان بوو و دەیویست وا خۆی دەرخات كە لە هەڵبژاردن ناترسێت، بەڵام راستییەكەی ئەوە بوو لە هەموو كات زیاتر لە هەڵبژاردن دەترسێت، چونكە هیچكات ئامادەی هەڵبژاردن نەبووە و نەیویستووە هەڵبژاردن بكرێت.

وشە/ تایبەت



وشە - تایبه‌ت