ئەندامێكی پێشووی ئەنجوومەنی سلێمانی: هاتنی هێلكەی قاچاخ پڕۆژەكانی ناوخۆ پەك دەخات

:: PM:09:54:08/05/2024 ‌

هاتنی هێلكەی قاچاخ لە سنوورەكانی پارێزگای سلێمانی بووەتە هۆكاری زیانگەیاندن بە بەرهەمی ناوخۆیی و پڕۆژەكان، هەفتەی پێشوو لە هەولێر خاوەن پڕۆژەكان لە بەرانبەر مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لە هەولێر خۆپێشاندانیان كرد، داوایان كرد ئەو حزبە واز لە هاوردەی هێلكەی قاچاخ لە سنوورەكە بێنێت و ئەوان بەو كارە زیانی زۆریان بەر كەوتووە.

لەلایەكی ترەوە لە سەرەتای ئەم هەفتەیە، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ وەزیری كشتوكاڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە، داوای لێ كرد رێگری لە هاتنی بە قاچاخی هێلكە لە سنوورەكە بكرێت، چونكە زیانی بە پڕۆژەكانی هەرێم و عێراقیش گەیاندووە. 

لەوبارەوە كەریم عەلی، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، لە دەروازەكانەوە هێلكەی قاچاخ هاوردە دەكرێت، بەتایبەتی لە سنووری باشماخ، ئەو هێلكەی هاوردە دەكرا، بە ئاشكرا هاوردەی دەكرێت و باج و گومرگی نییە، ئەوەش لە دوو لایەوە زیانی هەیە، جارێك بۆ گومرگ و جارێك بۆ بەرهەمی ناوخۆیی و پڕۆژەكان، كە لە هەرێمی كوردستان چەندین پڕۆژە هەیە و بودجەیان تێدا سەرف كردووە، بەڵام زیانیان پێ دەگات.

باسی لەوەش كرد، ئەوانەی ئەو كارە دەكەن دەسەڵاتدارن، لە هەر شوێنێكەوە بیانەوێ هێلكە هاوردە دەكەن، بۆیە بەردەوامبوونی ئەو كارە وا دەكات پڕۆژەكانی ناوخۆ پەكیان بكەوێت، جگە لەوەش ئەو هێلكانە بێ پشكنین و بەروار هاوردە دەكرێن و لە ناوخۆی هەرێم بەرواریان لێ دەدرێت، پێشتر ئاگەداربووین كە هێلكە هاوردە دەكرا و كارتۆنەكانیان عێراقی بوون، بەڵام هێلكەكە لە ئێرانەوە هاوردە دەكرا، لە سلێمانی بەرواریان لێ دەدرا، پێویستە ئەو كارە لە پێناو سەلامەتیی خەڵك و پڕۆژەكانی ناوخۆی هەرێم و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ و دەستی كار رابگیرێت.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" پێنجی ئەم مانگە لە كۆبوونەوەی نێوان هەردوو وەزیری كشتوكاڵی عێراق و هەرێمدا، سوودانی هۆشداری بە بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم داوە ئەگەر قاچاخچیەتیی هێلكە لە باشماخ و پەروێزخان كۆنترۆڵ نەكرێت، ئەوا زیانێكی گەورە بەر خاوەن كێڵگەكان لە هەرێم و تەواوی عێراق دەكەوێ و تەواوی پڕۆژەكان بەرەو مایەپووچبوون دەچن.

پێوەست بەو بابەتە مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق كە ئامادەی كۆبوونەوەكە بوو، لەبارەی كۆبوونەوەكە و كێشەی كێڵگە پەلەوەرییەكان و قاچاخچیەتیی هێلكە لە دەروازە سنوورییەكانی "باشماخ" و "پەروێزخان"، ئاشكرای كرد، سەرۆك وەزیرانی عێراق بە شاندەكەی گوتووە كە بەهۆی قاچاخچیەتییەوە زیانێكی زۆر بەر خاوەنی ئەو كێڵگانە كەوتووە كە لە تەواوی عێراق و هەرێمی كوردستان هەن، راستەوخۆ هەردوو دەروازەی "باشماخ" و "پەروێزخان"ی تۆمەتبار كرد بەوەی كە قاچاخچیەتییەكی زۆریان لێوە دەكرێت.

خاوەن پڕۆژەیەك لەوبارەوە بە "وشە"ی راگەیاند، هاوردەكردنی هێلكەی قاچاخ لە سنووری سلێمانی، كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر كارگە و پڕۆژەكانی بەرهەمهێنانی هێلكە هەبووە، ئەو پڕۆژانە پارەیەكی زۆریان تێدا خەرج كراوە، ئەمەش وا دەكات كاریان كەمبێتەوە و زیان بكەن و بەهۆیەوە تووشی داڕمان ببن، بۆیە رێگریكردن لەو كارانە پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی و گرنگیدانە بە پڕۆژەكان و دەستی كار.

وشە/ تایبەت



وشە - تایبه‌ت