مامۆستایەكی زانكۆ: باشترە یەكێتی بچێتە بەرەی بەشداریكردنی پێكهاتەكان لە هەڵبژاردن

:: PM:11:04:08/05/2024 ‌


یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەهۆی ئەوەی لە رابردوودا لەگەڵ دوژمنە سەرسەختەكانی كوردستان رێككەوتنی كردووە و هەمیشە پیلانیان دژی كوردستان گێڕاوە، لەكاتی خۆشی داوای كرد مووچەی بچێتە سەر بەغدا، ئەوە سەرەڕای ئەو ستەمە زۆرەی بەغدا لە فەرمانبەرانی هەرێمی كرد لە نەدان و دواخستنی مووچەیان، هیچ هەڵوێستێكی نەبوو، جارێكی تریش دۆستەكانی دوێنێی لە بەغدا، كە زوو زوو سەردانی دەكردن، پشتیان لە یەكێتی كرد.

ئەمجارەش ئەو دادگایەی كە یەكێتی بەردەوام لەبەردەمی هەڵدەپەڕی و بە شان و باڵی هەڵی دەدا و بە شوێنێكی یاسایی دەزانی، بڕیاری دا بە دواخستنی هەڵبژاردن، یەكێتیش چووەوە بەرەی نامۆكەی كورد، مامۆستایەكی زانكۆ ئاماژە دەكات، یەكێتی دوو ساڵ هەڵبژاردنی دوا خست، ئێستە دەیەوێ باسی چی بكات؟

كاوە فەتحوڵا، مامۆستای زانكۆ بە "وشە"ی گوت، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو هەموو لایەنەكان كە پێیان وابوو پێویستە هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بكرێت، چونكە ئەمە بابەتێكی گرنگە و بۆ پاراستنی سەقامگیری و قەوارەی هەرێمی كوردستانە، بەڵام بینیمان یەكێتی ئامادە نەبوو، هەموو هەنگاوێكی گرتەبەر تا هەڵبژاردن نەكرێت، لێدوانی پەلە و خێرا، رێكارەكان بۆ رێگریی لە هەڵبژاردن، ئەمە لە بیری خەڵك ناچێتەوە كە یەكێتی دوو ساڵ رێگەی بەوە نەدا هەڵبژاردن بكرێت.

باسی لەوەش كرد، یەكێتی هەڵسوكەوتی خراپی كرد، ئەوەی بانگەشەی بۆ دەكرد بە ناوی دیموكراسییەوە، ئەو هەنگاوانەی كە یەكێتی بۆی دەڕوات دیارە، هەروەها كێشەكانی ناوخۆی یەكێتی شیكردنەوەی ئەوەن كە حزبەكە ئێستە و لە داهاتووش لە چ دۆخێكدایە، هەر ئۆرگانێكی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی دادگای فیدراڵی و هەر دامەزراوەیەكی تر، ئەو كاتەی یەكێتی بوونە چاوساغ بەوەی كە هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی سیادی و دەستووری خۆی بە شێوەیەك لە شێوەكان پێویست بوو بەرگری لێ بكرێت، بەڵام ئەوان لەو بەرەوە نەبوون و چوونە بەرەی دژەكوردستان و خەڵك، بەتایبەتی لە پرۆسەی هەڵبژاردن.

"ئەوان جگە لە بەرژەوەندیی خۆیان بیر لە هیچی تر ناكەنەوە، ئەوەی پێوەندیدارە بە ئاسایشی نەتەوەیی و تەناهیی وڵات، هیچكات خۆیان ناكەن بە خاوەنی، تەنیا بیر لە بەرژەوەندیی حزبی خۆیان دەكەنەوە، لە هەڵبژاردنی ساڵانی 2022 و 2023، لە هەموو عێراق و پارێزگاكان، پێكهاتەكان كورسییان هەبووە و بە شێوەی بازنەیی بووە، بۆچی بۆ هەرێمی كوردستان كورسیی كۆتاكان نەمێنێت، دادگاش پێویست بوو ئەو هەنگاوانە نەگرێتەبەر، ئەوە جێگەی پرسیارە و گومان دروست دەكات"، كاوە فەتحوڵا، مامۆستای زانكۆ وای گوت.

دووپاتی كردەوە، باشترە یەكێتی واز لەو سیاسەتەی كە ملهوڕی و كاڵفامانەیە بێنێت و بچێتە بەرەی ئەوەی پێكهاتەكان بەشدار بن، بەڵام ناتوانێت بەسەر كێشەكانی خۆیدا زاڵبێت و ئەو بانگەشەیەی كە بۆ دیموكراسی دەیكات، جێبەجێی بكات، بگرە بە پێچەوانەوەیە و لەو هەلومەرجەدا دەگەڕێت كە دەسەڵاتی پاوانخوازیی بێت بۆ خۆی.

لای خۆیەوە ئازاد ئەكرەم، سەرۆكی فراكسیۆنی میللەت لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، وا باشترە بۆ ناوخۆی هەرێمی كوردستان حزبەكان پێكەوە بن و كاری پێكەوەیی بكەن، واز لە هەندێ بابەتی تایبەت و بەرژەوەندیخواز بێنن، ئەوەی بۆ هەمووان گونجاوە و بۆ هەرێم و قەوارەی كوردستان باشە ئەوە بكەن و بەدوای بەرژەوەندیی خۆیان نەبن و لەپێناو بەهێزیی ناوخۆیی و لاوازكردنی دوژمن یەكڕیز و تەبا بن.

پێوەست بەو بابەتە تەحسین محەمەد، چالاكی سیاسی، بۆ "وشە" ئاماژەی كرد، ئەوەی ئێستە پارتی بەرانبەر ئەو هەوڵە ناوخۆیی و دەرەكییەی كە لەسەر هەرێم هەیە دەیكات، رەتكردنەوەی ئەوەیە هەرێمی كوردستان خاوەن دەسەڵات و قەوارەی خۆی نەبێت، پێی وایە نابێت هیچ دەستوەردانێك بكرێت، دادگای فیدراڵیش بڕیاری راگرتنی هەڵبژاردنی داوە، دەبێت یەكێتی پێی رازی بێت، چونكە ئەوان دادگاكە بە دادگایەكی بێلایەن و یاسایی دەزانن.

وشە/ تایبەت

 



وشە - تایبه‌ت