بایدن: چەک نادەینە ئیسرائیل هێرشی ڕەفەحی پێ بکات

:: AM:09:26:09/05/2024 ‌
بۆ یەکەمین جار لە دوای دەستپێکی شەڕی غەزەوە، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا ددانی بەوەدا نا، لە ماوەی ڕابردوو هەموو ئەو بۆمبانەی ئەمەریکا داویەتی بە ئیسرائیل بۆ کوشتنی سڤیلەکانی کەرتی غەزە بەکارهێنراوە، بۆیە بۆ لەمەودوا ئەمەریکا بۆمب و جۆرە چەکێک ناداتە ئیسرائیل هێرشی ڕەفەحی پێ بکات. 

دوای حەوت مانگ لە دەستپێکی شەڕی غەزە و هاوکارییە بەردەوامەکانی ئەمەریکا بۆ سوپای ئیسرائیل، ئێستە بۆ یەکەمین جار بایدن بە ئاشکرا دژی ئیسرائیل هاتە گۆ و لە نوێترین لێدواندا لەبارەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر شاری ڕەفەح دەڵێ، لە ڕووی بەرگرییەوە هەموو هەنگاوێک دەنێین تا ئیسرائیل بتوانێت بەهۆی سیستەمی بەرگری ئاسمانییەوە پارێزگاری لە خۆی بکات، بەڵام هاوکاری ئیسرائیل نابین لە هێرشکردنە سەر ڕەفەح، بایدن بە ڕوونی گوتی ''بۆمب نادەینە ئیسرائیل شارێکی پێ بۆردومان بکات کە زۆرینەی خەڵکەکەی سڤیلە''. 

چی تر بۆمب نادرێتە ئیسرئیل
ئێستە جۆ بایدن گەیاندنی سێ هەزار و 500 جۆر لە بۆمبی ئەمەریکی ڕاگرتووە و ناهێڵێت بگاتە دەستی ئیسرائیل، لە چاوپێکەوتنی ئەم دواییە سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێ، تەنانەت گولەی تانکیش نادەنە ئیسرائیل، بایدن پێی وایە بە هێرشکردنە سەر ڕفەح، ئیسرائیل بە تەواوەتی پاڵپشتی ئەمەریکا لە دەستی خۆی دەدات، سەرۆکەکەی ئەمەریکا دەڵێ، بە هەموو ئەندامانی کابینەی جەنگی ئیسرائیلی گوتووە، هێرشی ڕەفەح بکەن، ئەمەریکا چیتر پاڵپشتییان ناکات. 

بایدن ڕەتی دەکاتەوە لە بەرگریکردن لە ئیسرائیل خۆی دزیبێتەوە و دەڵێ، تەنیا دژی ئەوەن ئیسرائیل هێرشی سەر ڕەفەح دەستپێ نەکات، ئەگەرنا بۆ بەرگری ئیسرائیل ئامادەن. 

لەبارەی خۆپشاندانەکانی قوتابیانی زانکۆکانی ئەمەیرکا، پرسیار لە بایدن کرا ئایا ئەو سەرۆکە گوێ بیستی ئەو پەیامەی قوتابیانە کاتێک دەڵێن، ''جۆی جینۆساید'' کە بە مەبەستی ئەوە دێت بایدن بووەتە هۆکاری کوشتن و جینۆساید کردنی فەلەستینییەکان، بایدن لە وەڵامدا دەڵێ، ''بە دڵنیاییەوە، گوێم لە پەیامەکەیانە''. 

ئەوەی جێگەی سەرنجە بایدن بۆ یەکەمین جار ددانی بەوەدا نا، بۆمبە ئەمەریکییەکان بوونەتە هۆی کوشتنی فەلەستینییەکان. 


وشە - ئارا هێمن