لێخۆشبوونی گومرگی بۆ هاوردەكردنی كەرەستەی سەربازیی هێزی پێشمەرگە دەرچوو

:: AM:11:15:09/05/2024 ‌
بڕیاری لێخۆشبوونی گومرگی بۆ هاوردكردنی كەرەستەی سەربازیی تایبەت بە وەزارەتی پێشمەرگە دەرچوو، بەمەیش وەزارەتەكە دەتوانێت پێداویستییەكانی لە دەرەوە بكڕێت یاخۆ ئەو هاوكارییانەی هاوپەیمانان بە كەشتیی دەیگەننە بەندەرەكانی عێراق، گومرگ ناكرێ.

ئەمڕۆ پێنجشەم نۆی ئایار، وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان، بڵاوی كردەوە كە لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراقدا بە سەرۆكایەتیی محەمەد شیاع سوودانی و بەشداری فەریق روكن عیسا عوزێر سەرۆكی ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگە بەڕێوەچوو، كۆمەڵێك بریار و راسپاردە دەركران.

وەك لە ڕاگەیەنراوەكەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە، "بەكێك لە بڕیارەكان لێخۆشبوونی گومرگی بوو بۆ ئەو كەرەستە سەربازییانەی وەزارەتی پێشمەرگە دەیەوێت هاوردەیان بكات لە چوارچێوەی پرچەككردنی خۆیدا".

هێزی پێشمەرگەی كوردستان دوو جۆر رێگەی هەیە بۆ دەستخستنی كەرەستە و ئامێر، یەكیان خۆی دابینی دەكات و ئەویتریش هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان پاڵپشتیی دەكەن، بەڵام بەپێی یاسا دەبوو هەموو مافەكانی لە بودجەی وەزارەتی بەرگریی عێراق دابین بكرێت. عێراق خۆی لەوە دەدزێتەوە و تەنانەت ئەو هاوكارییانەی پێشتر هاوپەیمانان لە ڕێگەی بەغداوە دەینارد بۆ پێشمەرگە، تا ئێستە دەستی بەسەردا گیراوە و نایدەن.

بەڵام وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێ، ئەم بڕیاری لێخۆشبوونە دەبێتە دەسكەوتێكی گرنگ بۆ مێژووی هێزی پێشمەرگە و وەزارەت و حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

هێزی پێشمەرگە لە شەڕی داعشدا ناوبانگی خۆی بە دنیادا بڵاو كردەوە و بۆ یەكەمجار دوای ئەو پێشڕەوییە خێرایەی تیرۆرستان لە خاكی سووریا و عێراقدا دەیانكرد، لەسەر دەستی پێشمەرگە تێكشكان و لە كۆتا شەڕی ئازادكردنی مووسڵیشدا كە دەبوو سوپای عێراق بیكات، نەیانتوانی سەنگەرەكانی داعش بشكێنن، تا پێشمەرگە ئەو ئەركەیشی گرتە ئەستۆ، بەڵام عێراق لە گرێیەكی مێژووییەوە سەیری پێشمەرگە دەكات و بودجە و چەك و ئامێری پێ ڕەوا نابینێ، بۆیە ئەمەریكا مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە  دەدات.


وشە - رامیار جەواد