ئەگەری ئازادكردنی دەمیرتاش و كاڤالا بەهێزە

:: PM:12:19:09/05/2024 ‌
ئۆپۆزسیۆنی توركیا لە هەوڵی ئەوەدایە  لە ڕێی دانوستانەوە "عوسمان كاڤالا و سەڵاحەدین دەمیرتاش" ئازاد بكرێن، بەڵام بەهۆی گوشاری  دەوڵەت باخچەلی و پارتەكەیەوە دژی ئەو دەستپێشخەرییە، ئەو هەوڵانە تا ئێستە نەگەیشتوون بە ئەنجام.

میدیاكانی توركیا باس لەوە دەكەن كە ئەگەری زۆرە لەژێر گوشاری یەكێتی ئەورووپادا، دادگای توركیا و حكوومەتی وڵاتەكە، بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا جێبەجێ بكەن، بۆ ئازادكردنی دەمیرتاش و كاڤالا.

لە بەرانبەردا دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی مەهەپە و هاوپەیمانیی ئاكەپە لەناو پەرلەمانی توركیادا، دژی ئازادكردنی دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە و عوسمان كاڤالا چالاكی مافی مرۆڤ وەستاوەتەوە و هەڕەشە لە ئەردۆگان و حزبەكەی دەكەن، "دەست بۆ ئەو دۆسیە نەبەن".

باخچەلی رەگەزپەرستێكی سەرسەختی توركە و دژی بچووكترین مافیشە بۆ كورد، بەڵام خەباتی مەدەنی كورد لە باكور خەریكە ئەو بەربەستانە دەشكێنێت و ئەو جۆرە سیاسەتوانە تێدەپەڕێنێ.

قسەكردن لەبارەی ئازادكردنی ئەو دوو كەسە، دوای ئەوە بوو بە رۆژەڤ كە لە رۆژانی ڕابردوودا ئۆزگول ئۆزەل سەرۆكی جەهەپە سەردانی ئەردۆگانی كرد و هەردووكیان هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی، سەردەمی نەرمینواندن لە سیاسەتدا دەست پێ بكەن. هەر دوای ئەو كۆبوونەوەیە، دەنگۆی ئەوە بڵاو كرایەوە كە ئۆزەل داوای كردووە، كاڤالا ئازاد بكرێت.

سەڵاحەدین دەمیرتاش و  عوسمان كاڤالا هەشت ساڵە گیراون، كاڤالا بە تۆمەتی ئەوەی كاری "سیخووڕی" بۆ وڵاتان كردووە، دەمیرتاش لە لێدوانەكانی لەبارەی خستنەخوارەوەی فڕۆكەیەكی ڕووسی قسەكردن لەبارەی كۆبانێوە، سزا دراوە.

سەڵاحەدین دەمیرتاش سیاسەتوانێكی هەڵكەوتووی باكوری كوردستان بوو، بە خێرایی ناوبانگی دەردەكرد و ئەوەیش دووچاری كێشەی كردەوە و هەم لایەكی كوردیی و هەم حكوومەتی توركیا، لە بۆسەدا بوون بۆ كپكردنەوە و بێدەنگكردنی.

پێوەندی كورد و جەهەپە لە دواهەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیادا، گەشەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، دوای ئەوەی لە ئەستەنبوڵ كورد بوو بە هۆی دەرچوونەوەی ئەكرەم ئیمامئۆغڵۆی كاندیدی حزبەكە بۆ دووبارە سەرۆكایەتیی شارەوانی.


وشە - سۆران عەزیز