سەرۆکی چیک هۆکاری پاشەکشەی ئۆکراینا ئاشکرا دەکات

:: PM:05:46:09/05/2024 ‌
پیتەر پاڤێڵ سەرۆکی چیک هۆکاری پاشەکشەی سوپای ئۆکراینا و بەرەوپێشچوونی سوپای ڕووسیا لە شەڕەکەی نێوانیان دەبەستێتەوە بە، ترسی ڕۆژئاوا لە ڕووسیا و هاوکاریکردنی ئۆکراینا بە شێوازی پچڕ پچڕ و شەرمنانە، سەرۆکەکەی چیک پێی وایە، ئەگەر لە سەرەتای شەڕەکەوە ئەوروپا بەم شێوازەی ئێستە هاوکاری ئۆکراینای بکردایە، ئێستە دۆخەکە جیاواز دەبوو. 

ئەمڕۆ نۆی ئایار پێگەی ''نێکستا'' بڵاوی کردەوە، سەرۆکی چیک هۆکاری پاشەکشەی ئۆکراینا دەگەڕێنێتەوە بۆ ترسی ڕۆژئاوا لە ڕووسیا، پیتەر پێی وایە ڕۆژئاوا لە سەرەتای دەستپێکی لەشکرکێشی سوپای ڕووسیا لە مانگی شوباتی 2022، بە ترس و بە شێوازی پچڕ پچڕ هاوکاری ئۆکراینای کردووە، ئەمەیش بووتە هۆی پاشەکشەی ئۆکراینییەکان لە بەرەکانی جەنگ. 

بە گوتەی سەرۆکی چیک، ئەگەر بێت و ئەوروپییەکان بە شێوازێکی کارا و بەردەوام پاڵپشتی ئۆکراینایان بکردایە، ئەوا شەڕەکە بەم دۆخەی ئێستە نەدەگەیشت. 

ڕۆژئاوا بە ترسەوە مامەڵە دەکات
پیتەر گوتی، ''ناڵێم هەموو هیوایەکمان لەدەست داوە، بەڵام لە ڕۆژئاوا زۆر بە ترسەوە مامەڵە دەکەین و ئەمەیش باش نابێت بۆ ئاسایشی ئەوروپا''. سەرۆکی چیک پێی وایە ئێستە ئەوروپا بەخۆ هاتووە و دەبوو ئەم هاوکاریانەی بەمدواییە ڕەوانەی ئۆکراینا کراوە، لە سەرەتای شەڕەکەوە ڕادەستی سوپای ئۆکراینا بکرایە. 

ماوەی دوو ساڵە شەڕی ئۆکراینا درێژەی هەیە، لەشکرکێشیی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا شەڕێکی درێژخایەنی تووشی وڵاتە ئەوروپییەکان کردووە، دوای ئەمەریکا، ئێستە بەریتانیا بەنیازە هاوکاری زیاتر بۆ ئۆکراینا بنێرێت و ئەڵمانیا و ئەمەریکا بە پابەندبوونی ڕۆژئاواوە دڵخۆشن بۆ هاوکاریکردنی ئۆکراینا.


وشە - ئارا هێمن