هۆكاری دواكەوتنی بودجەی 2024ی عێراق ئاشكرا دەبێت

:: PM:06:19:09/05/2024 ‌

تا ئێستە هۆكاری راستەقینەی رەوانەنەكردنی خشتە داراییەكانی بودجەی 2024 بۆ پەرلەمانی عێراق دیار نییە و بابەتەكە لەناو وەزارەتی دارایی ماوەتەوە، بەپێی لیژنەی دارایی پەرلەمان دەبوایە ئەنجوومەنی وەزیران تا ئێستە دەنگی لەسەر خشتەكان دابوایە و رەوانەی پەرلەمانی بكردایە بۆ پەسندكردنی، ئەندامێكی لیژنەی دارایی باسی هۆكاری دواكەوتنی رەوانەكردنی خشتە داراییەكان دەكات و بە زیادبوونی خەرجییەكان و زۆریی كورتهێنان دەیبەستێتەوە.

محەمەد نووری، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە دەكات، دەبوایە خشتە داراییەكانی یاسای بودجەی 2024 لە دانیشتنی پێشووی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بخرابوایە روو، بەڵام بەهۆی زیادبوونی خەرجییە داراییەكانی حكوومەت و گەورەیی رێژەی كورتهێنانی هەیە و پێشێلكارییە داراییەكان حكوومەت لە بودجەی 2023 ئەوە نەكرا.

روونی كردەوە، ئێستە حكوومەت بە دوای كەمكردنەوەی گوشاری خەرجییە ناپێویستەكانە لە رێگەی ئەنجامدانی گواستنەوەی دارایی لە نێوان بڕگەكانی بودجە و زیادكردنی سەرچاوەی داهاتی نانەوتی، لەپاڵ ئەوەی حكوومەت كار لەسەر كەمكردنەوەی رێژەی كورتهێنان لە بودجەی گشتیی 2024 دەكات كە 80 ترلیۆن دیناری تێپەڕاندووە، بەڵام پێشبینی دەكەین لە دانیشتنی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران خشتە داراییەكان بخرێنە روو و پەسند بكرێن و رەوانەی پەرلەمان بكرێن.

ئەو پەرلەمانتارە جیا لەوەی باسی كاریگەریی سزاكانی گەنجینەی ئەمەریكای بۆ سەر بانكە عێراقییەكان كرد كە بووەتە هۆی كەمبوونەوەی داهات و بێتوانایی حكوومەت لە پڕكردنەوەی ئەو كورتهێنانە گەورەی هەیە، نەیشاردەوە كە رەنگە هۆكاری سیاسیش لە پشت رەوانەنەكردنی خشتە داراییەكانەوە هەبێت، لەوانە دواكەوتنی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان و بۆ پەكخستنی چەند پڕۆژەیەكی گەورە و ستراتیجی.  

سەرەتای ئەم هەفتەیە مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عێراق پێشبینی كرد لە دانیشتنی ئەم هەفتەیەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تاوتوێی خشتە داراییەكانی بودجەی 2024 بكرێ و پەسند بكرێن، دوای ئەوە لە نزیكترین كات رەوانەی پەرلەمان بكرێن، روونی كردەوە، تا ئێستە رێژەی كورتهێنان لە بودجەكە دیار نییە و بەپێی خشتەكانی ئەنجوومەنی وەزیران پەسندیان دەكات دیاری دەكرێن، ئینجا رەوانەی پەرلەمان دەكرێن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل