ریال بیتیس ژمارەیەكی پێوانەیی 512 رۆژی ریال مەدریدی شكاند

:: PM:12:28:21/09/2017 ‌

شەوی رابردوو یانەی ریال بیتیس یەكێك لە ئەنجامە چاوەڕواننەكراوەكانی وەرزی نوێی خولی ئیسپانیای تۆمار كرد كاتێك لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ لە گەڕی 5ی خولەكەدا لە یانەی ریال مەدریدی پاڵەوانی بردەوە.

ئەمە سێیەم یارییە یانەی ریال مەدرید لەم وەرزەدا لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ شكست دەخوات لە بەدەستهێنانی سەركەوتن دوای ئەوەی پێشتریش بەرامبەر یانەكانی ڤالێنسیا و لیڤانتی یەكسان ببوو.

كێشەكانی یانەی ریال مەدرید بەهۆی ئەم شكستەوە تەنیا لێرە ناوەستێ، بەڵكو یانەكەی بێبەش كرد لە تۆماركردنی ژمارەیەكی پێوانەیی نوێ كە ماوەی 512 رۆژە هەوڵی بۆ دەدات ئەویش تۆماركردنی گۆڵ بوو لە سەرجەم یارییە یەك لە دوای یەكەكاندا.

شەوی رابردوو یانەی ریال مەدرید یەكەم جار بوو نەتوانێ لە یارییەكانیدا گۆڵ تۆمار بكات دوای یارییەكەی بەرامبەر یانەی مانچستەر سیتی ئینگلیزی لە 26ی ئەپرێلی 2016.

جێی باسە ئەم شكستە وای لە یانەی ریال مەدرید كرد كۆی خاڵەكانی هەر وەك خۆی 8 خاڵ بمێنێتەوە و بێتە ریزبەندی 7ی یانەكانی خولی ئیسپانیا، یانەی بیتیسیش بەم سەركەوتنە بە 9 خاڵ هاتە ریزی شەشەم، ئەمە لە كاتێكدایە كە یانەی بەرشەلۆنە 15 خاڵی كۆ كردووەتەوە و لە ریزی یەكەمی یانەكان دێت.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م