شێرزاد ره‌شید كاكه به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنی كوردی له په‌روه‌رده‌ی كه‌ركووك، دووپاتی ده‌كاته‌وه كه قوتابییان و كه‌سوكاره‌كانیان له هه‌وڵه‌كانی به‌غدا بۆ كردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌ی عه‌ره‌بی له ناوچه كوردییه‌كان و گۆڕینی پرۆگرامی خوێندنی كوردی و، رێگرتن له وه‌رگرتنی قوتابی كورد له زانكۆكانی هه‌رێم، نیگه‌رانن.
له دوای 2003ه‌وه خوێندنی كوردی له كه‌ركووك ده‌ستی پێ كرده‌وه و گه‌شه‌ی زیاتری كرد و توانی ببێت به بناغه‌یه‌كی پته‌وی هزری نه‌ته‌وه‌یی له‌و پارێزگا هه‌میشه تهعریبكراوهدا، به‌ڵام له خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه، خوێندنی كوردی تووشی پرۆسه‌یه‌كی پێچه‌وانه بووه‌ته‌وه و وه‌ك شێرزاد ره‌شید له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه" ده‌ڵێت، هه‌وڵ هه‌یه بۆ ده‌ستكاریكردنی پرۆگرامی كورد و ته‌عریبكردن له‌و رێیه‌وه.
دۆخی خوێندنی كوردی له كه‌ركووك به‌كوێ گه‌یشتووه و پلانتان بۆ داهاتوو چییه؟
خوێندنی كوردی له كه‌ركووك به‌رده‌وامه و نزیكه‌ی 420 قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی و ئاماده‌ییمان هه‌یه، جگه له 31 باخچه‌ی ساوایان، هه‌روه‌ها سه‌رووی 106 هه‌زار قوتابی له خوێندنی كوردی ده‌خوێنن، به‌ڵام له دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه كه‌ركووكمان جێ هێشتووه و چه‌ندان مامۆستامان ئاواره‌ن و دۆخه‌كه دڵه‌ڕاوكێی لای ئه‌وان دروست كردووه.
ئێسته خه‌ڵكه‌كه دڵی به‌و دۆخه و خوێندنی كوردی خۆش نییه و نه‌ماوه كه پێشتر له‌ناو قوتابخانه كوردییه‌كان كۆمه‌ڵێك ئیمتیازات هه‌بوو، یه‌كێك له‌وانه ده‌رچووی خوێندنی كوردی ده‌یتوانی بۆ زانكۆكانی عێراق و هه‌رێمی كوردستانیش داواكاری پێشكه‌ش بكات، جیا له‌وه له 17ی كانوونی یه‌كه‌می هه‌موو ساڵێك ئاڵای كوردستان‌مان به‌رز ده‌كرده‌وه و زۆر چالاكی تریش، ئێسته هه‌موو ئه‌وانه له‌ناو قوتابخانه كوردییه‌كاندا قه‌ده‌غه كراون، بۆیه قوتابییان و كه‌سوكاریان زۆر نیگه‌رانن له‌و دۆخه‌ی كه‌ركووك.
ئێسته هه‌وڵێك هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی له ناوچه كوردییه‌كان قوتابخانه به زمانی عه‌ره‌بی بكه‌نه‌وه كه نازانین تا ساڵی داهاتوو تا چه‌ند ئه‌و كاره‌یان بۆ ده‌چێته سه‌ر، بۆیه خه‌ڵكه‌كه له دواڕۆژی خوێندنی كوردی له كه‌ركووك ده‌ترسن، به‌وه‌ی رۆژێك له رۆژان به‌غدا بڕیار بدات خوێندنی كوردی و وانه‌كانی كوردی كاری پێ نه‌كرێت.
له دوای رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر، حكوومه‌تی عێراق تا ئێسته ده‌ستكاری په‌یكه‌ری كاڕگێڕی و پرۆگرامی خوێندنی كوردی له كه‌ركووك كردووه؟
تا ئێسته هیچ گۆڕانكاری نه‌كراوه، به‌ڵام ئێسته هه‌وڵ هه‌یه، ئێمه پرۆگرامی خوێندنمان له‌سه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه و هه‌مان پرۆگرامی قوتابخانه‌كانی هه‌رێم ده‌خوێنین، به‌ڵام تاقیكردنه‌وه‌كانمان له‌سه‌ر به‌غدا بوو، ئێسته هه‌وڵێك هه‌یه پرۆگرامی خوێندنیش بخرێته‌وه سه‌ر به‌غدا، واته ئه‌و پرۆگرامه‌ی له عێراق به زمانی عه‌ره‌بی ده‌خوێنرێت، هه‌وڵ هه‌یه بكرێت به كوردی، ئه‌وه‌یش پاشه‌كشه‌یه‌كی ته‌واوه به خوێندنی كوردی ده‌كرێ. بۆیه قوتابییان و كه‌سوكاره‌كانیان له هه‌وڵه‌كان بۆ كردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌ی عه‌ره‌بی له ناوچه كوردییه‌كان و گۆڕینی پرۆگرامی خوێندنی كوردی و رێگرتن له وه‌رگرتنی قوتابییانی كورد له زانكۆكانی هه‌رێم، نیگه‌رانن. به‌ڵام ئه‌وانه هه‌وڵن و هێشتا جێبه‌جێ نه‌كراوه.
16ی ئۆكتۆبه‌ر تا چه‌ند كاری كرده سه‌ر بهپیروههاتنی خه‌ڵكی كه‌ركووك بۆ خوێندنی كوردی؟
كاتێك 16ی ئۆكتۆبه‌ر رووی دا، پرۆسه‌ی خوێندنی ئه‌مساڵ ده‌ستی پێ كردبوو، 11 هه‌زار قوتابی بۆ پۆلی یه‌كی سه‌ره‌تایی له قوتابخانه كوردییه‌كان ناونووس كرابوون، به‌ڵام گرنگ ساڵی داهاتووه كه ئه‌گه‌ر كێشه بۆ خوێندنی كوردی دروست بێت، ئاخۆ كه‌سوكاری قوتابییان ئاماده‌ن منداڵ بێنن بۆ ئه‌و قوتابخانه كوردییانه؟ جارێ دیار نییه وه‌ڵامه‌كه.
له دوای رووداوه‌كانی كه‌ركووك تا چه‌ند پرۆسه‌ی ته‌عریب له‌سه‌ر په‌روه‌رده به‌تایبه‌تی هه‌ڵمه‌ته‌كان بۆ سه‌ر خوێندنی كوردی، هه‌بووه؟
پێشتر له‌سه‌ر قوتابخانه كوردییه‌كان ئاڵای كوردستان هه‌بوو، ئێسته ئه‌و ئاڵایانه داگیراون و زۆرینه‌ی قوتابخانه‌كانمان تابلۆی ناوی قوتابخانه‌كه‌ی به ئاڵای كوردستان نه‌خشاندبوو، ئێسته ئه‌وانه هه‌مووی سڕاوه‌ته‌وه، رۆژی جلی كوردی ئه‌مساڵ زۆر به ترسه‌وه كرا و قوتابخانه‌ی وا هه‌بوو نه‌یكرد، ئه‌مانه هه‌مووی شوێنه‌واری ته‌عریبه، چونكه پێشتر كاتێك حكوومه‌تی به‌عس ده‌ستی به ته‌عریب كرد، به‌ره به‌ره ئه‌و كاره‌ی كرد و شوێنه‌واری كوردی نه‌هێشت و قوتابخانه‌كانی كرد به عه‌ره‌بی و ئه‌م ته‌عریبه‌ی به رێكخراوی كرد تا وای لێ هات له 2003 یه‌ك قوتابخانه‌ی كوردی له شاری كه‌ركووك نه‌مابوو.
باسی داواكاری مامۆستایانی خوێندنی كوردی ده‌كرێت كه ده‌یانه‌وێت وه‌ك راژه بچنه‌وه سه‌ر حكوومه‌تی عێراق، ئه‌و هه‌وڵانه چه‌ند راستن و كاریگه‌ری چی ده‌بێت؟
ئه‌و بابه‌ته له كۆنه‌وه خه‌ڵكانێك موزایه‌ده‌ی سیاسیی پێ ده‌كه‌ن و ماوه ماوه ده‌ڵێن خه‌ڵك ده‌گه‌ڕێنینه‌وه سه‌ر به‌غدا و مووچه‌ی ته‌واویان پێ ده‌درێت، راستییه‌كه‌ی حكوومه‌تی به‌غدا خۆی بڕیار له‌وباره‌وه نادات، ئه‌گه‌رنا ئێمه خه‌ڵكی كه‌ركووكین و وه‌ك هه‌ر ناوچه‌یه‌كی تری كێشه له‌سه‌ر كه حكوومه‌ت مووچه‌یان پێ ده‌دات، با بخرێنه‌وه سه‌ر به‌غدا. حكوومه‌تی عێراق راست ناكات ئه‌وه سێیه‌مین جاره فۆڕم پڕ ده‌كرێته‌وه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته و چه‌ند لایه‌نێك ده‌یبه‌ن، به‌ڵام كه حكوومه‌تی عێراق ئاماده نه‌بێت كورد له كه‌ركووك دابمه‌زرێنێت، پێویست ناكات خه‌ڵكانێك موزایه‌ده به‌و بابه‌ته‌وه ده‌كه‌ن.