سۆما حه‌كیم زاده كه ژنكى هونه‌رمه‌ند و پێشكه‌شكاره و ماوه‌یه‌كه له ته‌له‌ڤزیۆن ده‌رده‌كه‌وێ. ئه‌و ساڵی ١٩٩١ له شارۆكه‌ی قه‌ڵادزێ له دایك بووه و ده‌رچووی به‌شی گرافیكـه له په‌یمانگه‌ی هونه‌ره جوانه‌كانی كۆیه. سۆما ئێسته خێزانداره و خاوه‌نی كوڕێكه به‌ناوی (ئارمین) و هه‌ر له كۆیه ده‌ژین.
ئه‌و خاتوونه جگه له كاری وێنه‌كێشان، بێژه‌ری هه‌واڵه له كورد كه‌ناڵ /كه‌ناڵی ئاسمانی حیزبی دیموكراتی كوردستان/. له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا له‌باره‌ی میدیا و پێشكه‌شكار و زۆر بواری تری میدیایی بۆچوونی خۆی ده‌خاته ڕوو.
تۆ به‌هره‌ی وێنه‌كێشانت هه‌بووه و مامۆستای، بۆچی كاری ڕاگه‌یاندن و پێشكه‌شكاریت هه‌ڵبژاردووه؟
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی وێنه‌كێشان حه‌زێكی تایبه‌تی خۆم بوو و بڕوانامه‌م تێدا به‌ده‌ست هێناوه، به‌هه‌مانشێوه هه‌ستم كرد به‌هره‌ی پێشكه‌شكاری و ڕاگه‌یاندنم تێدایه. ئه‌مه‌ش له‌و كاتانه‌ی بۆ چه‌ند جارێك له چالاكییه‌كانی ناو په‌یمانگه رۆڵی پێشكه‌شكاریم ده‌گێڕا. دواتر به یارمه‌تی ده‌وروبه‌ر توانیم بگه‌م به‌و ئاواته‌م و ئه‌و سۆمایه بم كه ئێسته هه‌م. واته سۆماى پێشكه‌شكار.
ئایا بۆ كه‌سێكی پێشكه‌شكار جوانی ڕووخسار گرینگه یان ده‌نگ؟
ده‌كرێ بڵێین له‌یه‌ك كاتدا هه‌ردووكیان هه‌بن پێویسته جا له هه‌ر ڕه‌گه‌زێك بێ، به‌ڵام جاری وا هه‌بووه ده‌نگخۆشی پێشكه‌شكار رووخساری ناشیرنی داپۆشیوه. بۆیه رووخسارى جوانیش به‌بێ ده‌نگى باش زۆر گرینگ نییه.
زۆر له ڕاگه‌یه‌ندكارانی مێیینه گله‌یی ئه‌وه ده‌كه‌ن به‌ربه‌ستی جۆراوجۆریان بۆ دروست ده‌كرێت، ئایا ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ی به‌رده‌می تۆ چین؟
به‌ربه‌ست بۆ ژن به‌تایبه‌تی ژنى راگه‌یاندكار هه‌ر هه‌یه، به‌ڵام به خۆشحاڵییه‌وه من تا ئێسته هیچ به‌ربه‌ستێك نه‌هاتووه‌ته به‌رده‌مم .
ئایا ڕاسته كه‌سی پێشكه‌شكارى هه‌واڵ كه‌متر پێویستی به ئاستی هۆشیاری و مه‌عریفی هه‌یه؟ تۆ ئه‌م گوته‌یه بۆچی ده‌گه‌ڕێنیته‌وه؟
نه‌خێر به‌پێچه‌وانه‌وه. به بڕوای من پێشكه‌شكاری سه‌ركه‌وتوو ئه‌و كه‌سه‌یه له ئاستێكی به‌رزی هۆشیاری و مه‌عریفیدا بێت، بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر سه‌رجه‌م كۆسپه‌كاندا كه دێنه پێشی له كاتی كار و كاته‌كانی تری ناو كۆمه‌ڵگه.
ڕاگه‌یاندنی كوردی ئێسته چۆن ده‌بینی؟
ڕاگه‌یاندنی كوردی ده‌كرێ به دوو ده‌سته دابه‌شی بكه‌ین . ڕاگه‌یاندنه حزبییه‌كان و ڕاگه‌یاندنه ناوخۆیییه‌كان. له ناوخۆ جۆرێك لاساییكردنه‌وه و كۆپیپه‌یستی به‌رنامه‌ی وڵاتێكی بێگانه‌یه و به‌رژه‌وه‌ندی له ڕاكێشانی بینه‌ری زیاتر بۆ لای به‌رنامه و فیلمه‌كانیان كه هیچ پره‌نسیپێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌یی باشی تێدا به‌دی ناكرێ و زیاتر كۆمه‌ڵگه به‌ره‌و لادان ده‌بات. یانی به جۆرێك سیستمی به‌رنامه‌كانیان داناڕێژن هه‌ر له به‌رنامه و فیلم كارتۆنه‌كانی منداڵان، تا ده‌گاته فیلم و شۆیه‌كان كه تێیدا بڵاو ده‌بنه‌وه، هیچ بواری په‌روه‌رده ڕه‌چاو ناكه‌ن. له ڕاگه‌یاندنه حزبییه‌كانیشدا ئیتر ئه‌وه ده‌كرێ بڵێین به گشتی بینه‌ر ماندوو ده‌كه‌ن و سه‌ر له بینه‌ر ده‌شێوێنن كه ئاخۆ كامه هه‌واڵ ڕاسته و كامه لێكدانه‌وه دروسته و واقعیی دۆزه‌كان له كوێ ببیننه‌وه.
بڕوام وایه ئه‌وه كاره‌سات ده‌خوڵقێنێ بۆ نه‌وه‌ی داهاتوومان و نه‌وه‌ی داهاتووی ئێمه هیچی ڕاست و دروست فێر نابێ و گوێی لێ نابێت. ده‌توانین بڵێین ڕاگه‌یاندنێك كه دڵسۆزی نه‌ته‌وه‌كه‌مان، واقعبین، دروستكار و ڕاستگۆ بێ بۆ ڕووماڵی ڕووداوه‌كان، وه‌ك خۆی به‌دی ناكرێ و هیواخوازم به هه‌موومان خه‌مێك له‌و به‌تاڵاییه پڕ ترافیكه‌دا بخۆین.
ئه‌ى خه‌ونی تۆ چییه له‌ناو ڕاگه‌یاندندا؟
خه‌ونی من ئه‌وه‌یه ببم به پێشكه‌شكارێكی سه‌ركه‌وتوو و ناودار بۆ ئه‌وه‌ی بتوانم خزمه‌ت به گه‌له‌كه‌م بكه‌م.
حه‌ز ده‌كه‌یت له داهاتوودا له‌گه‌ڵ كام بێژه‌ر و پێشكه‌شكار كار بكه‌یت و هه‌واڵ بخوێنیته‌وه؟
بۆ من جێی شانازییه له‌گه‌ڵ هه‌ر پێشكه‌شكارێك كار بكه‌م و تواناكانمان له‌گه‌ڵ یه‌كتر ئاڵوگۆڕ بكه‌ین.
له نێوان عه‌شقی ڕاگه‌یاندن و عه‌شقی پیاودا كامیان هه‌ڵده‌بژێریت و له‌به‌ر چیش؟
دوو بابه‌تی له یه‌كتر جیاوازن، به‌تایبه‌ت بۆ من كه هاوسه‌رم هه‌یه، به‌ڵام له پاڵ عه‌شقی هاوسه‌ره‌كه‌مدا عه‌شقی كاره‌كه‌شم زۆر به‌لاوه گرنگه و به به‌رده‌وامی هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌م .
وشه/ كۆیه- سه‌ركه‌وت نه‌جات