گۆڕانكاری لە یاریی كلاسیكۆی وەرزی داهاتوو دەكرێ

:: AM:10:33:12/06/2018 ‌

سەرۆكی یەكەتیی تۆپی پێی ئیسپانیا ئاشكرای كرد كە بڕیاریانداوە لە وەرزی داهاتوو گۆڕانكاری لە وادەی یاریی كلاسیكۆی خولی ئیسپانیا لەنێوان هەردوو یانەی بەرشەلۆنە و ریال مەدرید بكرێ.

خافیێر تیباس سەرۆكی یەكەتیی تۆپی پێی ئیسپانیا بۆ رادیۆی (ماركا)ی ئیسپانی رایگەیاند: بڕیارمانداوە بۆ وەرزی داهاتوو یاریی كلاسیكۆ لەنێوان بەرشەلۆنە و ریال مەدرید پێش بخەین و لە سەرەتای خولی ئیسپانیا ئەنجامی بدەین.

زیاتر گوتی: نامانەوێ وەك وەرزی رابردوو كلاسیكۆ بۆ یارییەكانی كۆتای خولی ئیسپانیا بگوازینەوە، وەك ئەوەی لەنێو یاریگەی كامپ نووی تایبەت بە یانەی بەرشەلۆنە روویدا.

كلاسیكۆی گەڕانەوەی وەرزی رابردوو لەنێو یاریگەی كامپ نوو لە گەڕی 36ی خولی ئیسپانیا ئەنجامدرا و تێیدا هەردوو یانەی بەرشەلۆنە و ریال مەدرید بە 2 گۆڵ یەكسان بوون.

یارییەكە تاموچێژی ركابەری سەرسەختی نێوان هەردوو یانەكەی بەخۆیەوە نەبینی بەهۆی ئەوەی یانەی بەرشەلۆنە پێش دەستپێكردنی یارییەكە بەدەستهێنانی ناسناوی ئەمساڵەی خولی ئیسپانیای مسۆگەر كردبوو.

لەبەر ئەمە یەكەتیی تۆپی پێی ئیسپانیا نایەوێ ركابەری نێوان هەردوو یانەكە لە یارییەكانی كلاسیكۆ كەم بكاتەوە و یارییەكە لەسەرەتا یان ناوەڕاستی خول ئەنجام دەدات.

جێی باسە یانەی بەرشەلۆنە ئەمساڵ ناسناوی خولی ئیسپانیای بەدەستهێنا دوای ئەوەی توانیبووی 93 خاڵ كۆ بكاتەوە، یانەی ریال مەدریدش بەجیاوازی 17 خاڵ و بەكۆكردنەوەی 76 خاڵ دوای یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید لە ریزبەندی سێیەمی یانەكان گیرسابووەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م