بۆچی پۆستی بەڕێوەبەری یانەی بەرشەلۆنە درا بە ئەبیدال؟

:: AM:11:50:12/06/2018 ‌

رۆژنامەیەكی ئیسپانی هۆكار و نهێنی پێدانی پۆستی بەڕێوەبەری وەرزشی یانەی بەرشەلۆنە بە ئیریك ئەبیدالی ئەستێرەی پێشووی یانەكە ئاشكرا كرد لە شوێنی رۆبەرت فێرناندیز.

رۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ) ئاشكرای كرد كە لەبەر چەند هۆكارێك یانەی بەرشەلۆنە پۆستی بەڕێوەبەری وەرزشی داوە بە ئەبیدال كە سەرەكیترینیان دروستكردنی پردی پەیوەندی بووە لەنێوان یاریزان و دەستەی كارگێڕی.

سەرچاوەكە جەختی كردەوە كە ئەبیدال پەیوەندییەكی باش و دۆستانەی لەگەڵ سەرجەم یاریزانانی یانەی بەرشەلۆنە هەیە و بەمەش دەتوانێ ببێتە پردی پەیوەندی نێوان یاریزانان و كارگێڕی یانەكە.

هۆكارێكی تر پەیوەندی بە پاڵپشتی یاریزانە فڕەنسییەكانەوە هەیە كە چاوەڕوان دەكرێ بۆ وەرزی داهاتوو ژمارەیان لە ریزی یانەی بەرشەلۆنە زیاتر بێت.

جگە لەوانەش ئەبیدال پەیوەندییەكی باش و بەتینی لەگەڵ لیۆنێل میسی ئەستێرەی یانەكەوە هەیە كە رەنگە ئەمەش جێگەی هەڵوەستەكردن بێت، سەرەڕای هەموو ئەمانەش ئەبیدال خۆی كەسێكی خۆشەویست و بەتوانایە و لە ماوەی رابردووشدا چەندان پۆستی بەسەركەوتوویی لە ریزی یانەی بەرشەلۆنەدا بینیوە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م