ڕۆژنامه‌یه‌كی كوێتی له ڕاپۆرتێكدا كه ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م بڵاوكراوه‌ته‌وه و هێما بۆ ئه‌وه ده‌كات، موقته‌دا سه‌دری ڕێبه‌ری ڕه‌وتی سه‌در له ڕۆژانی ڕابردوو ترسی گه‌وره‌ی هه‌بووه و به‌وهۆیه‌وه فه‌رمانی كردووه به كۆكردنه‌وه‌ی 70 هه‌زار چه‌كداری میلیشیای شیعه، له ئه‌گه‌ری دروستبوونی شه‌ڕی ناوخۆ له عێراق.
ڕۆژنامه‌ی "
الجریده"ی كوێتی نووسیویه‌تی، موقته‌دا سه‌در دوای ئه‌وه‌ی بووه براوه‌ی یه‌كه‌م له هه‌ڵبژاردنی عێراق، چه‌ند گورزێكی كوشنده‌ی ئاراسته كرا، ئه‌نجامدانی ته‌قینه‌وه له ناوچه‌ی سه‌در و به ئامانجگرتنی شوێنكه‌وتووانی، سووتانی كۆگای سندووقه‌كانی ده‌نگدان له ڕه‌سافه كه زۆرینه‌ی ده‌نگه‌كانی سه‌دری تێدا بوو، په‌یامی ڕوون بوون بۆ موقته‌دا سه‌در كه ڕێ ناده‌ن ئه‌و وه‌ك براوه‌ی هه‌ڵبژاردن ڕۆڵی باڵای هه‌بێ، بۆیه موقته‌دا سه‌در فه‌رمانی به شوێنكه‌وتووانی كرد چه‌ك هه‌ڵبگرن و عێراق به‌ره‌و شه‌ڕی ناوخۆ ده‌ڕوات و ده‌بێ به‌رگری بكه‌ین و ڕێ له‌و شه‌ڕه بگرین، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش 70 هه‌زار چه‌كدار له‌لایه‌ن ڕه‌وته‌كه‌ی كۆكرایه‌وه.
له به‌شێكی تری ڕاپۆرته‌كه‌ی ڕۆژنامه كوێتییهكه هاتووه، سه‌ره‌نجام موقته‌دا سه‌در بۆ ڕێگری له هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی ناوخۆ له عێراق، چووه ژێر باری داواكانی ئێران و ڕۆژی سێشه‌م به په‌له له‌گه‌ل هادی عامری هاوپه‌یمانی ڕاگه‌یاند، بۆ ئه‌وه‌ی له شه‌ڕی چه‌كداری دوور بكه‌وێته‌وه و له گۆڕه‌پانی سیاسیش نه‌خرێته ده‌ره‌وه.