سەرجەم بیرەوەرییەكانی (دڵزار)ی شاعیر چاپ و بڵاو دەكرێتەوە

:: AM:09:10:24/07/2018 ‌
وەزارەتی ڕۆشنبیری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری داوە سەرجەم بەرهەم و بیرەوەرییەكانی دڵزاری شاعیر چاپ بكات و ڕێوڕەسمێكی شایستەی بۆ ڕێك بخات.

ئەمڕۆ سێشەم 24ـی تەمووز/ یۆلیۆ، لە هەواڵێكی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاتووە، بریكاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان سەردانی دڵزاری شاعیر دەكات و بەڵێنی چاپكردنی بیرەوەرییەكانی دەدات.

لە هەواڵەكە هاتووە،  سالار عوسمان بریكاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان سەردانی شاعیر و تێكۆشەری بەناوبانگی كورد ئەحمەد دڵزاری كرد و وەك ڕێزگرتن لە خەباتی سیاسی و هەوڵە ئەدەبییەكانی دڵزاری شاعیر، بەڵێنی ئەوەیشی پێ دا كە سەرجەم بیرەوەرییەكانی لەسەر ئەركی وەزارەت بە چاپ بگەیەنرێت.

لە كۆتایی هەواڵەكە ئاشكرا كراوە، لە دوای چاپكردنەكە ڕێوڕەسمێكی شایستەی ئیمزاكردنیشی بۆ ڕێك بخرێت، لە بەرانبەردا دڵزاری شاعیر وێڕای سوپاس و خۆشحاڵی، هیوای بەردەوامیی بۆ چالاكییە كولتوورییەكان خواست.

دڵزار ناوی تەواوی "ئەحمەد كوڕی مستەفا كوڕی محەمەد ئاغای حەوێزی"ـە، لە هەشتی كانوونی دووەمی ١٩٢٠ لە ‌شاری كۆیە لە ‌دایك بووە. لە ‌تەمەنی حەوت ساڵیدا ماوەی دوو ساڵێك لە حوجرەی مزگەوت خوێندوویەتی و لە ساڵی ١٩٢٩ چووەتە قوتابخانەی سەرەتایی، پاشان قوتابخانەی ناوەندی و لە ساڵی ١٩٤١ كۆتایی بەم قۆناغە هێناوە و دەستی لە خۆیندن هەڵگرتووە. لەو كاتەوە، كە دەستی كردووە بە شیعر ناسناوی (دڵزار)ی هەڵبژاردووە ‌و بووە بەو ناوەی پێی دەناسرێتەوە. 



وشە - رامیار جەواد