رۆژنامەی (لاكازێتا دیلۆ سپۆڕت)ی ئیتاڵی وێنەی ماڵەی نوێیەكەی كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی و یانەی یۆڤێنتۆسی لە شاری تۆرینۆ بڵاو كردەوە.
رۆژنامەكە ئاشكرای كرد كە ماڵە نوێیەكەی رۆناڵدۆ تاڕادەیەك شێوەی لە ماڵە كۆنەكەی لە شاری مەدریدی پایەتەختی ئیسپانیا دەچێت و لە رووی ئەمنییەوە بەتەواوی كۆنتڕۆڵكراوە.
خانووەكە لە رووی رووبەرەوە زۆر گەورەیە و دوو دەرگەی چوونە ژوورەوەی سەرەكی هەیە و لەگەڵ باخێكی فراوان و مەلەوانگە و شوێنی وەرزشی گەورە.
هاوسێكەی رۆناڵدۆ ملیاردێرێكی گەورەی ئیتاڵی ئەمەریكییە بەناوی جۆن ئیلكان كە خاوەن كۆمپانیای ئۆتۆمبێڵی فیات و كرایسلەرە.
جێی باسە رۆناڵدۆ پێرێ یەكشەم گەیشتە شاری تۆرینۆ و لەگەڵ خۆشەویست و منداڵەكانی لە ماڵە نوێیەكەی جێگیربووە و بڕیاریشە ئەمڕۆ سێشەم بۆ یەكەمجار مەشق و راهێنان لەگەڵ یانە نوێیەكەی یۆڤێنتۆس ئەنجام بدات.