ئەمساڵ زۆرترین پارە بۆ كڕین و فرۆشتنی یاریزان لە جیهان خەرجكراوە

:: AM:10:20:13/09/2018 ‌

یەكەتیی تۆپی پێی ناودەوڵەتی (فیفا) ئاشكرای كرد، لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی رابردوودا زۆرترین پارە لە مێژووی تۆپی پێدرا خەرجكراوە بە كڕینی و فرۆشتنی یاریزانان بەتایبەتیش لە پێنج خولە گەورەكەی ئەوروپا.

یەكەتییەكە نوێترین تۆژینەوەی لەبارەی گواستنەوەكانی هاوینەی رابردوو بڵاو كردەوە كە تێچووی گواستنەوەكان تەنیا لە پێنج خولە گەورەكەی ئەوروپا 4.21 ملیار دۆلار بووە.

ئاشكراشی كرد كە زۆرترین گواستنەوەكان لەسەر ئاستی جیهان لە پێنج خولە گەورەكەی ئەوروپا (ئینگلتەڕا، ئەڵمانیا، ئیسپانیا، فڕەنسا و ئیتاڵیا) بووە كە بەشێویەكی گشتی 4.21 ملیار دۆلار بووە لە كاتێكدا پارساڵ تێچووی گشتی 3.95 ملیار دۆلار بووە، واتە بەشێوەیەكی گشتی ئەمساڵ لەچاو پارساڵ 6.6% تێچووەكان زیادیان كردووە.

لە ساڵی 2016 تێچووی گواستنەوەی سەرجەم یاریزانان لە پێنج خولە گەورەكەی ئەوروپا برێتی بوو لە 2.79 ملیار دۆلار، واتە تێچووی یانەكان بۆ كڕینی یاریزانان ساڵ دوای ساڵ بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبوونەوە تۆمار دەكات.

لەسەر ئاستی پێنج خولە گەورەكەی ئەوروپاش، خولی ئینگلیزی زۆرترین كڕینی یاریزانانی تێدا كراوە كە 20 یانەكەی خولی نایاب بڕی 1.44 ملیار دۆلاریان خەرج كردووە، لە پلەی دووەمیش خولی ئیتاڵی بووە كە لەچاو پارساڵ رێژەكە 74.7% زیادی كردووە، دوای ئەویش خولی ئیسپانی بووە كە 42.2%ی تێچووی كڕینی یاریزانان زیادی كردووە.

یەكەتییەكە لە كۆتاییدا ئاشكراشی كرد كە لەسەر ئاستی جیهان پڕۆسەی كڕین و فرۆشتنی یاریزانان لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا 5.44 ملیار دۆلار بووە.
 



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م