ئەمڕۆ دوو ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگەی هەولێر دەگۆڕێن

:: AM:08:57:16/12/2018 ‌
بڕیارە لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دوو ئەندامی ئەنجوومەنەكە بگۆڕێن و كەسانی تر شوێنیان بگرنەوە.

ئەمڕۆ یەكشەم 16ـی كانوونی یەكەم، مەریوان پیرباڵ بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بۆ شوێن گۆڕینی دوو ئەندامی ئەنجوومەن كۆ دەبێتەوە، ئەوەیش دوای ئەوەی ئەو دوو ئەندامە ئیتر وەك پەرلەمانتاری كوردستان دەستبەكار دەبن.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر گوتی، دوابەدوای دەستبەكاربوونی هەردوو ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر جەلال پەرێشان و ئازاد كوورەچی لە پەرلەمانی كوردستان بە مەبەستی پڕكردنەوەی شوێنەكانیان، ئەنجوومەنی پارێزگا كۆ دەبێتەوە.

ئاشكرای كرد، بۆ پڕكردنەوەی شوێنەكانیان بە ئەندامی یەدەگ هەریەك لە رزگار مستەفا لەبری جەلال پەرێشان و نەزهەت عەبدولغەنی لەبری ئازاد كوورەچی دادەنرێن، هەروەها كۆبوونەوەكە سەعات 10ی سەرلەبەیانی ڕۆژی ئەمڕۆ بەڕێوە دەچێت و دەبێتە 65مین كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر.

ئەو كۆبوونەوەی ئەنجوومەن لە كاتێكدایە وادەی یاساییان تەواو بووە و چاوەڕوانی بڕیاری پەرلەمانی كوردستان و حكوومەت دەكەن كە وادەكەیان درێژ دەكرێتەوە یان بڕیار لە هەڵبژاردنێكی تر بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاكان دەدرێت.



وشە - رامیار جەواد