توێژینەوەیەك: سپێرمی پیاو بەرپرسە لە دووبارەبوونەوەی لەبارچوون

:: PM:07:39:06/01/2019 ‌

كاتێك ژن تووشی دووبارەبوونەوەی حاڵەتی لەبارچوونی كۆرپەلە دەبێتەوە، پێویستە هاوسەرەكەی چەند پشكنینێكی پزیشكی ئەنجام بدات، وەك توێژەران لە زانكۆی ئیمپریال كۆلیج لە لەندەن باسی لێوە دەكەن.

توێژەران لەوبارەوە دەڵێن، تەندروستیی سپێرمی پیاو، رەنگە پێوەندی بە دووبارەبوونەوەی حاڵەتی لەبارچوون لای هاوسەرانیان هەبێت و ئاماژەیان كرد كە ئەوەیان هۆكارێكی پێوەندیدارە، ئەو لێدوانە هاوكات پێچەوانەی ئەوەیە كە باوە، كە لە حاڵەتەكانی دووبارەبوونەوەی لەبارچوون بەدوای نەخۆشی و كێشەكان لە لەشی ژندا گەڕاون، بەتایبەتی سیستەمی بەرگرییان. 

ئەو قسانەی توێژەران لە دوای توێژینەوەیەك هات كە حكوومەتی بەریتانیا پاڵپشتی لێ كرد لە زانكۆی ئیمپریال كۆلیج لە لەندەن و پێشبینی دەكەن كە رەنگە دووبارەبوونەوەی لەبارچوون رەنگە هۆكارەكەی بوونی كێشە لە پیاوەكە بێت نەوەك لە ژنەكە، چانا جایسنا بەرپرسی توێژینەوەكە لەو بارەوە دەڵێت، لەكاتی گەڕان بەدوای هۆكاری دووبارەبوونەوەی لەبارچوون پزیشكان گرنگی زیاتر بە ژنەكە دەدەن بۆ دۆزینەوەی هۆكارەكەی، بێ ئەوەی لێكۆڵینەوە لە تەندروستی پیاوەكە و سپێرمەكانی بكەن. 

دووپاتی كردەوە كە ئەو توێژینەوە دەری دەخات كە تەندروستی سپێرمی پیاو گرنگە لەو حاڵەتە كە مانای تەندروستی پرۆسەی دووگیانبوونە، روونی كردەوە، بۆ نموونە توێژینەوەكانی پێشتر دەریان خستووە كە سپێرم رۆڵی گرنگی هەیە لە دروستبوونی ویڵاش كە گرنگە بۆ دابینكردنی ئۆكسجین و خۆراك بۆ كۆرپەلە.

 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل

ئه‌م بابه‌ته 1704 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌