لە سلێمانی مانگرتن لە خواردن دەستی پێ‌ كرد

:: AM:10:12:12/01/2019 ‌
بەشێك لەو گیراوانەی دوێنێ‌ لە شاری سلێمانی هاتنە گرتن، دەستیان كردووە بە مانگرتن لە خواردن و داوای ئازادبوونیان دەكەن.

ئەمڕۆ شەموو 12ـی كانوونی دووەم، میدیاكانی نزیك لە پەكەكە بڵاویان كردووەتەوە، دوێنێ ئاسایشی سلێمانی لە رێوڕەسمی یادكردنەوەی شەهیدانی پاریس (ساكینە جانسز، لەیلا شایلەمەز و فیدان دۆغان) لە سەكۆی ئازادیی پاركی ئازادیی 52 كەسی گرت.

ئاشكرا كراوە، ئەو كەسانەی گیراون پێكهاتوون لە چالاكانی ڕێكخراوەكانی ژنان و ڕێكخراوە مەدەنییەكان، ڕۆژنامەنووسان، ئەندامانی تەڤگەری ئازادیی كۆمەڵگەی كوردستان و شەوی ڕابردوو تەنیا پێنج كەسیان ئازاد كران، ئەوانی تر ئێستە لە گرتووخانەی كانی گۆمەدان.

ئاماژە دراوە، گیراوەكان لە گرتووخانەی كانی گۆمە مانیان لە خواردن گرتووە وەك نیشاندانی ناڕەزایی لە بەرانبەر گرتنیان بەبێ هیچ بەهانەیەكی یاسایی و بەرتەسككردنەوەی ئازادیی ڕادەربڕین و چالاكییە مەدەنی و سیاسییەكان. 

لە هەفتەی ڕابردوو هێزەكانی ئاسایشی سلێمانی دەرگەی سینەما سالمیان داخست و ڕێگرییان كرد لە نمایشكردنی فیلمێك، ئەوەیش كاردانەوەی زۆری لێ كەوتەوە و بەڕێوەبەری ڕۆشنبیری سلێمانی داخستنی ئەو سینەمایەی بە هۆكاری بەرتەسكردنەوەی ئازادییەكان ناساند.



وشە - رامیار جەواد